لە سنە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ 15 کەس بوونە قوربانی

لە ئەنجامی گڕگرتن و سووتانی تانکەرێکی سووتەمەنی لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان سنە و هەمەدان، 10 کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، بابەک هیدایی، سەرۆکی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای پزیشکی لە پارێزگای سنە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "فارس" رایگەیاند، بەهۆی گڕگرتنی تانکەرێکی سووتەمەنی لە نزیک بازگەی پۆلیسی هاتوچۆی سنە و هەمەدان، 10 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

بابەک هیدایی ئاماژەی داوە، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمە فریاگوزارییەکان و چەندین تیمی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی سنە لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە تاوەکو ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەستپێبکەن.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس بەهۆی ئەوەی تانکەرەکە بڕێکی زۆر ماددەی سووتەمەنیی هەڵگرتبوو، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە هەستیاری و وریایییەکی زۆرەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بڵێسەی ئاگرەکەیان دا تا رێگری بکەن لە تەشەنەسەندنی بۆ ناوچەکانی دەوروبەر و پێشگرتن لە روودانی هەر تەقینەوەیەکی دووەم لە شوێنەکەدا.

باسی لەوەش کردووە، ئێستا هۆکاری دروستی کەوتنەوەی ئاگرەکە، شێوازی رووداوەکە و قەبارەی زیانەکان لەلایەن تیمە پسپۆڕەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە لەژێر لێکۆڵینەوەی مەیدانیدایە و بڕیارە دوای پشتڕاستکردنەوە، زانیاریی تەواو لەسەر ناسنامەی قوربانییەکان بڵاوبکرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی تیمەکانی فریاگوزاری، سەرۆکی شارەوانیی سنەش لە یەکەم ساتەکانی رووداوەکەدا لە شوێنی کارەساتەکە ئامادە بوو و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی پێشکەشی کەسوکاری گیانبەختکردووان کرد.