یەکێتیی زانایان بۆ سەرۆک بارزانی: کۆچی دواییی شێخ عەبدولواحید کەلێنێکی مەزن و دیارە
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ سەرۆک بارزانی، هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دواییی شێخ عەبدولواحید بارزانی دەربڕی و بە کەسایەتییەکی لێهاتووی ئایینی و نیشتمانی وەسفی کرد.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە پرسەنامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی کە ئەمڕۆ شەممە 5ی ئەیلوولی 2026، بڵاو کردووەتەوە، ڕایگەیاند: "بە دڵێکی ڕازی بە قەدەری خودای پەروەردگار، هەواڵی کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەی بەڕێزتان خوالێخۆشبوو شێخ عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانیمان پێگەیشت. بەو بۆنەیەوە بە ناوی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی جەنابتان، خۆمان و گەلی کورد دەکەین و هاوبەشی خەمتانین."
یەکێتیی زانایان لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "بەدڵنیایییەوە لەدەستدانی کەسایەتییەکی لێهاتووی ئایینی و نیشتمانی وەک مەرحووم شێخ عەبدولواحید بارزانی بۆ هەموو لایەک کەلێنێکی مەزن و دیارە.
ئاماژەشی داوە، لە خودای گەورە داواکارین خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و جێگەی فیردەوسی ئەعلا بێت، هاوکات ئارامی و دڵنەواییش بە هەموو لایەک و بەتایبەت خانەوادە بەڕێزەکەتان ببەخشێت
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەدەچێت.