سەرۆکی پارتی رەنجدەرانی کوردستان سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات

سەرۆکی پارتی رەنجدەرانی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ سەرۆک بارزانی و ماڵباتی کۆچکردوو، هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دواییی شێخ عەبدولواحید بارزانی دەربڕی.

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، باپیر کامەلا سەرۆکی پارتی رەنجدەرانی کوردستان، لە پرسەنامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی رایگەیاند: " بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی گیانسپاردنی کەسایەتیی نیشتمانی، شۆڕشگێڕ، کۆمەڵایەتی و چاکەخواز، رێزدار شێخ عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، ئامۆزای بەڕێزتان و براگەورەی بنەماڵەی شۆڕشگێڕی بارزان و نەوەی شەهیدی سەرکردە شێخ عەبدولسەلام بارزانیمان پێگەیشت و بە بیستنی ئەو هەواڵە زۆر دڵگران و خەمبار بووین."

کامەلا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی داوە، "بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان و سەرجەم هاوڕێیانم بۆ ئێوەی بەڕێز، بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەتان و تێکڕای کەسوکار و دۆستانتان رادەگەیەنین و هاوبەشی خەمتانین. لە خودای گەورە داوا دەکەین لە کۆچکردوو خۆش بێت و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، ئەم کۆچەش دوا ناخۆشیتان بێت و خودا دڵنەوایی و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.