وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان سەرکۆنە هێرشکردنە سەر هاندەرانی هەولێر لە بەغدا دەکات
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا پەلاماردانی هاندەرانی یانەی هەولێری لەلایەن هاندەرانی یانەی شورتەوە لە شاری بەغدا بە توندی ئیدانە کرد و داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی و سزادانی وەرزشیی سەرپێچیکارانی کرد.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا بۆ رای گشتی و ناوەندە وەرزشییەکانی عێراق رایگەیاند: "بەداخەوە، دوای کۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و یانەی شورتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە شاری بەغدا، ژمارەیەک لە هاندەرانی یانەی شورتە پەلاماری هاندەرانی یانەی هەولێریان دا و ئەم پەلامارە نەشیاوە بووە هۆی برینداربوونی چەندین هاندەر و زیانگەیاندن بە پاسەکانی گواستنەوەیان.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئەم رەفتارە نابەرپرسانەیە بە توندی ئیدانە دەکات؛ وەرزش پەیامی ئاشتی، تەبایی، رەوشتبەرزی و رێزگرتنی یەکترە، نەک توندوتیژی و هاندانی گیانی رەگەزپەرستی کە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ پەیوەندییە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت، بۆیە پێویستە رێگە نەدرێت ئەم رەفتارانە ببنە هۆی گەشەکردنی گوتاری رق و کینە."
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، هەمووان شاهێدن هەرێمی کوردستان هەمیشە ماڵێکی ئارام، سەکۆی ئاشتی و ناوەندێکی سەرەکی بووە بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی و بەبێ جیاوازی پێشوازی لە وەرزشوانان و هاندەران کردووە.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە: "لە سۆنگەی باوەڕمان بە سەروەریی یاسا، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵ رێوشوێنی ئەمنی و یاسایی بگرنە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی یاریزانان و هاندەرانی یانەکانی هەرێمی کوردستان و سەرپێچیکاران رووبەڕووی لێپرسینەوە بکەنەوە، هەروەها داوا لە لێژنەی ئینزیباتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەین بەپێی پەیڕەوی خولی ئەستێرەکان، یانەی سەرپێچیکار لە ئامادەبوونی هاندەرانی لە یارییەکانی داهاتوودا بێبەش بکات."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ سەرجەم یانەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانە یانەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ و نەورۆز و تەواوی هاندەرانیان دووپاتکردەوە.