کاتەکانی دەوامی سەرتاشخانەکان لە سلێمانی دیاریی کرا

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان- لقی سلێمانی رایگەیاند، بە پێی ئەنجامی راپرسییەکی فەرمی کە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری سەرتاشەکان بەڕێوەچوو، کاتی دەوامی سەرتاشەکان لە شارەکەدا لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە دەستنیشان کرا و رۆژانی هەینیش کرا بە پشووی فەرمی.

شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی سلێمانی، راپرسییەکی تایبەتی بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە سەرتاشەکانی شارەکە بەڕێوە برد، بە مەبەستی دیاریکردنی کاتەکانی دەوامی فەرمی و رۆژانی پشووی ئەم پیشەیە.

سۆران حیسامەددین، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان- لقی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانەکە و جیاکردنەوەی دەنگەکان، بە پێی ئەنجامەکانی ئەم راپرسییە، کاتی دەوامی فەرمیی سەرتاشەکان لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە دیاریی کرا، هەروەها بڕیاردرا ڕۆژانی هەینی ببێتە پشووی فەرمیی سەرتاشخانەکان لە شارەکەدا."

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی سەندیکاکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم پڕۆسەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری پیشەوەران و پاراستنی مافەکانیان.

 ئاشکراشی کرد کە ئەنجامی کۆتایی راپرسییەکە ئامادەکراوە و بە فەرمی پێشکەشی قایمقامییەتی سلێمانی دەکرێت، تاوەکوو رێکاری یاسایی پێویستی بۆ بگیرێتەبەر و بڕیارەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.