حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی ئاوی شێخان چارەسەر دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو لە سنووری شێخان جێبەجێ بکات، کە ئامانج لێی دابینکردنی ئاوی پێویستە بۆ سەنتەری قەزاکە، پێنج شارەدێ و 190 گوند.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رەزامەندی لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەکەی ئاوی شێخان وەرگیراوە.

سەردار شێخ یەحیا گوتیشی، تا ئێستا بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکە تەرخان نەکراوە و چاوەڕێی تەواوبوونی دیزاین و نەخشەی پڕۆژەکە دەکەین، چونکە بڕی تەرخانکردنی بودجە لەسەر بنەمای دیزاینەکە دیاری دەکرێت و ئەگەری هەیە پرۆسەی دابینکردنی دارایی بۆ ساڵی داهاتوو دوابکەوێت.

بە گوتەی قایمقامی شێخان، کۆمپانیایەکی ناوخۆ بۆ کێشانی دیزاین و نەخشەی پڕۆژەکە راسپێردراوە. پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نەخشەی پڕۆژەکە تەواو بێت و رووپێوی بۆ سەرجەم ئەو ناوچانە بکرێت کە پڕۆژەکە خزمەتیان دەکات.

پڕۆژەکە بە ستراتیژی هەژمار دەکرێت و بە تەواوبوونی، کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو لەو سنوورە چارەسەر دەکات.

ئێستا ئاوی دانیشتووانی سنووری شێخان لە رێگەی سەرچاوەی کانیاوەکان، رووبارەکان و بیرەکانەوە دابین دەکرێت، لە کاتێکدا چەند گەڕەکێکی سەنتەری قەزاکەش بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن. ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بەو کێشە درێژخایەنەی ناوچەکە دەهێنێت.