پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و باران دەبارێت

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی نیمچە سارد و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما 4 بۆ 5 پلە دادەبەزن، هاوکات پێشبینی بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەکرێت.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بە کوردستان24ی راگەیاند، کاریگەرییەکانی وەرزی پایز لە هەرێمی کوردستان لەم مانگە و مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا زیاتر بەدەردەکەون و ئێستا گۆڕانکاریی خێرا لە کەشوهەوادا هەستی پێدەکرێت. گوتیشی: "پاڵەپەستۆیەکی نیمچە سارد کاریگەریی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما."

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنێ لە شاری هەولێر بەرزترین پلەی گەرما 41 پلەی سیلیزی بوو، بەڵام لەمڕۆوە دابەزینێکی بەرچاو دەستپێدەکات و تا ناوەڕاستی هەفتە پلەکانی گەرما دەگەنە 35 بۆ 36 پلەی سیلیزی، واتە بە رێژەی 4 بۆ 5 پلە دادەبەزن و ئەم رەوشەش تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە ئەگەری بارانبارین، فازڵ ئیبراهیم روونی کردەوە کە لە بەیانییەوە کاریگەرییەکی لاوازی بارانبارین لە سنووری رۆژئاوای پارێزگای دهۆک (ناوچەی زوممار)، ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران (لە سۆرانەوە تا حاجی ئۆمەران) و سنووری ئیدارەی راپەڕین بە تایبەت ناوچەی قەڵادزێ بەدی دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی، رەوشی کەشوهەوا بۆ ئەمڕۆ و سبەی بەم شێوەیە دەبێت:

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئەیلوولی2026
ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور، لە ئێوارەدا ناوچە شاخاوییەکان دەبنە نیمچە هەور. خێرایی با لەنێوان 15 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت و هەندێک کات بۆ سەرووی 25 کیلۆمەتر زیاد دەکات. ئاراستەی با بەرەو باکووری رۆژهەڵات دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک روو لە نزمبوونەوە دەکەن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ:

هەولێر: 40 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 38 پلەی سیلیزی

دهۆک: 39 پلەی سیلیزی

کەرکووک: 41 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 41 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 27 پلەی سیلیزی

سبەی دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026
ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی فێنک، پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی دیکە دادەبەزن. لە کاتەکانی بەرەبەیانی زوودا، ئەگەری دڵۆپە باران لە ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی راپەڕین، ئیدارەی سۆران و بەشێک لە پارێزگای دهۆک هەیە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی:
هەولێر: 38 پلەی سیلیزی

 سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی

 دهۆک: 36 پلەی سیلیزی

 زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 38 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 24 پلەی سیلیزی