کوردستان24 باشترین پێکهاتەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشان دەکات
کوردستان24 هەفتانە باشترین پێکهاتەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشان دەکات، یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری دهۆک بەهۆی ئەوەی لە یاریی لوتکەی خولەکە ریمۆنتادای بەسەر قوە جەوییەی پاڵەوانی وەرزای رابردووی خولەکە کرد راهێنەرایەتی باشترین پێکهاتەی گەڕی پێنجەمی خولەکە دەکات.
سەجاد محەمەد دەبێتە گۆڵپارێزی ئەم گەڕە، ئەو گۆڵپارێزەی تەڵەبە بە 10 یاریزانەوە لەبەردەم 30 هەزار هاندەری زاخۆ کلین شیتی کرد، لە دەستپێکی یارییەکە لێدانێکی بەهێزی شێرزۆد تێیمیرۆڤی گەڕاندەوە، ئەو سەیڤە وایکرد هێزی دەروونی تەڵەبە باشتر بکات و دۆخی یاریزانانی زاخۆشی بەرەو لێکترازان برد.
ـ لە هێڵی بەرگری، سامسون داری لە یانەی نەفت ئەسیستی لە دژی مینا کرد، لە لایەکی دیکەشەوە ئیدملسۆن دۆڤ بەرگریکاری نەورۆز ئاستێکی سەرنجراکێشی پێشکەش کرد و چەند جارێک هەوڵەکانی گۆڵکردنی یانەی نەفتی میسانی پوچەڵ کردەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە بەیار ئەبوبەکر یەکێک لە باشترین یارییەکانی ئەم وەرزەی لە دژی قوە جەوییە کرد و شوێنی خۆی لە پێکهاتەی ئەم گەڕە جێگیر کرد.
لە هێڵی ناوەڕاست، دوو مایسترۆی کورد ناویان لە پێکهاتەکەدایە، عەلی شاخەوان لە دژی زەورا ئەسیستی کرد یەکێک بوو لە یاریزانە کاریگەرەکانی موسڵ لە دژی زەورا، لە لایەکی دیکەشەوە ئاکۆ عوزێر وەکو هەمیشە لەنێو جەرگەی بەغدا لە دژی شورتە دەستی بەسەر ناوەڕاستی یاریگەدا گرتبوو، زۆربەی هێرشەکانی شورتەی بە هێمنی دەپچراند و دەیکردە هێرشی پێچەوانە.
لە یانەی گەرمەش ئەمووری فەیسەڵ گۆڵێکی کرد و رۆڵی لە سەرکەوتنی یانەکەی لە دژی دیالا هەبوو، بەم هۆیەوە ناوی خۆی لە پێکهاتەی گەڕی پێنجەم جێگیر کرد.
لە هێڵی هێرشبەر، ئیگۆر هێنریکی هێرشبەری پیشەگەری بەرازیلی لە دژی قوە جەوییە دوو گۆڵی کرد و راستەوخۆ شوێنی خۆی لە پێکهاتەی ئەم گەڕە یەکلایی کردەوە. ئیماچی ئۆگەستین گۆڵێکی ناوازەی بۆ کەربەلا کرد و یەکەمین سەرکەوتنی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا هاوشانی محەمەد عەدنان لە یانەی نەفت کە دوو گۆڵی لە دژی مینا کرد ناوی خۆیان لە پێکهاتەی ئەم گەڕە جێگیر کرد.