کابینەی نۆیەم پرۆژەی ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێ دەکات

 گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم کار لەسەر ستراتیژییەتێکی هەمەلایەنە دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو گازانەی هەوا پیس دەکەن بەمەبەستی پاراستنی ژینگە، کە وەک بەشێک لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا  ئەژمار دەکرێت.

یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا،گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی:” پێشبینییە جیهانییەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و بە تایبەت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی ئاماژە بەوە دەکەن، لە چەند ساڵی داهاتوودا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و ژینگە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژە ستراتیژییەکانی لە بواری ژینگە و ئاو و هەوا، رێگری دەکات بۆ رێگری کردن لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان”.

گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتیشی:”لە کابینەی نۆیەمدا کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێکراون کە دەتوانن ژینگە و ئاو و هەوای هەرێم لە تووشبوون بە پلەکانی بەرزی گەرما بپارێزن، هاوکات چەندان پرۆژەی دیکەش ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان”.

جەختی لەوەشکردەوە، کارەکانی کابینەی نۆیەم، چەندان سێکتەری جیاواز لە خۆدەگرێت کە سەرجەمیان هۆکارن بۆ باشترکردنی ژینگە و ئاو و هەوای کوردستان بە گشتی، لەوانەش:

یەکەم: وزە و پیشەسازی

هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە چڕکراونەتەوە، بەتایبەت بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر وەک جێگرەوەیەک بۆ موەلیدەکان، هەروەها لە کەرتی نەوت و گازدا، کار بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گاز بە مەبەستی کەمکردنەوەی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و میسان.

دووەم: ئاسایشی ئاو و کشتوکاڵ

بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، حکوومەت بەردەوامە لە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان، هاوکات رێنمایی توند دراوە بە جوتیاران بۆ بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری مۆدێرن (دڵۆپاندن) و بەکارهێنانی ئەو ئامێرە کشتوکاڵییانەی کە دۆستی ژینگەن و کەمترین سووتەمەنی بەکار دەهێنن.

سێیەم: سەوزایی و رێکخستنی پاشماوەکان

دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا جەختی لەسەر فراوانکردنی رووبەری سەوزایی کردەوە لە رێگەی پرۆژەی پشتێنەی سەوز و دروستکردنی پارکی نوێ، سەبارەت بە پاشماوەکانیش، کار بۆ پرۆژەی ریسایکلین دەکرێت تاوەکو پاشماوەکان بگۆڕدرێن بۆ وزە یان پەینی سروشتی، ئەمەش رێگرییەکی کاریگەر دەبێت لە دەردانی گازی میسان.

چوارەم: گواستنەوە و هۆشیاریی ژینگەیی

لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێکاری پێویست بۆ رێکخستنەوەی کەرتی گواستنەوەی گشتی دەگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و دووکەڵی ئۆتۆمبێل، هاوکات کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیان دەکرێت تاوەکو بەشدارییەکی کارا بکەن لە پاراستنی ژینگەی ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا، گوتەبێژی دەستەی ژینگە دووپاتیکردەوە، سیستەمی چاودێری بەسەر پرۆژەکاندا توندتر کراوە و پێدانی هەر رەزامەندییەک بۆ پرۆژە پیشەسازی و بازرگانییەکان، بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی تەواویان بە مەرجە ژینگەییەکان و کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان.

بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، 9 بەنداو، 30 پۆند کارەکانیان تەواو کراوە، هاوکات 57 پۆندی دیکە لە بواری جێبەجێکردندان، چەندان پارک و باخچەش دروستکراون یان نۆژەن کراونەتەوە، کە بە هۆیەوە رێژەی سەوزایی شارەکە لە 15% بۆ 20% بەرزبووەتەوە. 

یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەم کابینەیە کە کاریگەری گەورەی کە کارگەری گەورەی لەسەر پاک کردنەوەی پاک کردنەوەی کەش و هەوا هەبووە، پرۆژەی رووناکییە کە بە هۆیەوە توانراوە زیاتر لە 6 هەزار مۆلیدەی کارەبا بکوژێندرێتەوە، هاوکات کارەبای 24 کاتژمێری بۆ نزیکەی 5 ملیۆن و نیو هاووڵاتی لە هەرێم دابین بکات.

هەروەها لە بواری ژینەگەشدا، 4 وێستگە بۆ هەڵسەنگاندنی کوالێتی هەوا، 34 ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانەکان لە ئاگرکەوتنەوە دروستکراوە، ئەمە جگە لە پرۆژە گەورە و سترایتژییەکی حکوومەت بە ناوی پشتێنەی سەوزایی هەولێر کە بە شێوەی بازنەیی و بە پانی 2 کیلۆمەتر بەچواردەوری شارەکە دروست دەکرێت و ئێستا قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەواوکراوە و کار لە قۆناغی دووەمدا دەکرێت، بە گوێرەی پلان و بڕیاری حکوومەت پرۆژە، 7.7 ملیۆن نەمامی زەیتون و فستق دەچێندرێت، هاوکات 10 پۆندی ئاویش بۆ ئاودێری دار و نەمامەکان لە ناو پرۆژەکە دروست دەکرێت، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت رێگری بکات لە بە بیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هەروەها بەرهەمی ناوخۆیی زیاد دەکات و هەلی کاریش بۆ کرێکارانی ناوخۆیی دەڕەخسێنیت، جگە لەوانەش هەوا خاوێن دەکاتەوە و رێگری دەکات لە خۆڵبارین و ژینگەیەکی تەندروست و گونجاوی ژیانکردن بە هاووڵاتییان دەبەخشێت.