لیژنەی سووتەمەنی هەڵەبجە شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

لیژنەی سووتەمەنی لە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە، ئاگادارییەکی نوێی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە و تێیدا خشتەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو و چەند مەرجێکی نوێی بۆ وەرگرتنی دیاری کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، لیژنەی سووتەمەنی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممەوە 8 ـی ئەیلوولی 2026ـەوە، دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی (750دیناری) بەپێی چەند رێکارێکی نوێ دەستپێدەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دابەشکردنەکە رۆژانە کاتژمێر (7:00)ـی بەیانی لە هەردوو بەنزینخانەی (سان) و (سەرکۆ) دەبێت و تاوەکو تەواوبوونی بڕی دیاریکراو بەردەوام دەبێت.

لیژنەی سووتەمەنی هەڵەبجەمەرجەکانی بۆ وەرگرتنی بەنزین دیاریکردووە:
1. پێویستە شۆفێر کارتی زانیاری پێبێت و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە بێت.
2. ئۆتۆمبێلی جۆری (پیکاب، تەکسی و پاس) بڕی (50 لیتر) بەنزینیان پێدەدرێت.
3. ئۆتۆمبێلی تایبەت بڕی (40 لیتر) بەنزین وەردەگرن.
4. شۆفێرانی خانم دەبێت خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری بن و رێگە نادرێت لە یەک جار زیاتر بەنزین وەربگرن.

لیژنەی سووتەمەنی هۆشداریشی داوەتە شۆفێران کە لەپاش تەواوبوونی بڕی بەنزینی دیاریکراو، نابێت هیچ ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم بەنزینخانەکان سەرە بگرێت و بمێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ئۆتۆمبێلەکانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزای پێبژاردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە کە لە سەرجەم شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەنزینی پاڵپشتیکراو دابین کراوە و ئەمرۆ رێکارانەش بۆ رێکخستنی پرۆسەکە و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە پارێزگاکەدا گیراونەتە بەر.