ئافرەتێک پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان وەرگرت
لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا بۆ سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، رازان خەلیل ئیسماعیل وەک یەکەم ئافرەت لە مێژووی سەندیکاکەدا پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی وەرگرت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەمین کۆنگرەی سەندیکاکە دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک.
یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026، ئەنجامەکانی دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان راگەیەندرا. لە نێو ستافە نوێیەکەدا، رازان خەلیل ئیسماعیل توانی متمانەی ئەندامان بەدەستبهێنێت و وەک سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکا دەستبەکاربێت. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزبوونی رۆڵی ئافرەتان لە ناوەندە پیشەیی و ئەندازیارییەکاندا دەبینرێت.
ئەم کۆنگرەیە کە لە 29ی ئابی 2026 بەڕێوەچوو، گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە 26 ساڵ بەسەر یەکەمین کۆنگرەی سەندیکاکەدا تێپەڕبوو. لەم کۆنگرە مێژووییەدا، بڕیارێکی گرنگ درا کە لەمەودوا بۆ رێگری لە دواکەوتنی پڕۆسە کارگێڕییەکان، کۆنگرەی سەندیکا هەر چوار ساڵ جارێک بە رێکوپێکی ببەسترێت.
لە پڕۆسەی دەنگدانەکەدا، محەممەد تاهیر، توانی بە کۆی 86 دەنگ وەک نەقیبی نوێی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان هەڵبژێردرێت. هەروەها ئەندامانی دەرچووی ئەنجوومەن کە ستافی نوێی بەڕێوەبردن پێکدەهێنن،
ئەم کۆنگرەیە بە سەرەتایەکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی کاروباری ئەندازیاران لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و چاوەڕوان دەکرێت ستافە نوێیەکە گۆڕانکاریی ئەرێنی لە خزمەتگوزارییە پیشەییەکاندا بکەن.