رێکارەکانی گەڕانەوەی 33 کۆچبەر لە لیبیاوە بۆ هەولێر تەواو کران
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند رێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی 33 کۆچبەری عێراقی کۆتایی هاتووە و بەیانیی سبەی راستەوخۆ دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رێکارەکانی گەڕانەوەی 33 کۆچبەری عێراقی کۆتایی هاتووە.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوە کرد، ئەم کۆچبەرانە بە خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە و باڵیۆزخانە تیکتی سەفەری بۆ بڕیون تاوەکو بارگرانی دارایی لەسەر خێزانەکانیان کەم بکاتەوە.
بڕیارە فڕۆکەی کۆچبەران کاتژمێر 8ی ئەمشەو بە کاتی تەرابلووس بەڕێبکەوێت و کاتژمێر 5ی بەیانی سبەی بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. کاربەڕێکەری باڵیۆزخانە هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە گەنجان دەخەنە ناو مەترسیی یاسایی و گیانییەوە.