ئۆپێک پڵەس رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت نەگۆڕ دەهێڵێتەوە
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، بڕیاریدا سیاسەت بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی تشرینی یەکەم وەک خۆی بهێڵێتەوە، ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە گرووپەکە پێویستە پێش دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی بەرهەمهێنان، لەسەر پشکە نوێیەکان بگەنە سازان.
کۆبوونەوەی حەوت ئەندامە سەرەکییەکەی ئۆپێک پڵەس، کە بریتین لە سعوودیە، رووسیا، عێراق، کوێت، جەزائیر، کازاخستان و عومان، لەکاتێکدا بەڕێوەچوو شەڕی ئێران هێشتا رێگری لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەکات. ئەم دۆخە کاریگەریی هاوپەیمانییەکە لەسەر نرخ و پشکی بازاڕ سنووردار دەکات.
مانگی ئاب، ئۆپێک پڵەس لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ مانگی ئەیلوول رێککەوت، ئەوەش دوای ئەوەی بە قۆناخ بەشێک لە کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن بە بڕی 1,650,000 بەرمیل لە رۆژێکدا هەڵوەشاندەوە کە ساڵی 2023 لەسەری رێککەوتبوون. سەرەڕای ئەو زیادکردنانە، بەهۆی شەڕی ئێرانەوە ئاستی بەرهەمهێنانی هاوپەیمانییەکە هێشتا بە رادەیەکی بەرچاو لە ئاستە ئامانجکراوەکان کەمترە.
ئەم هاوپەیمانییە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و چەند وڵاتێکی دیکە لەنێویاندا رووسیا پێکهاتووە.