رووسیا کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە سانت پترسبۆرگ دادەخات
لە وەڵامی داخستنی ناوەندە دیپلۆماسی و رۆشنبیرییەکانی لە ئەڵمانیا، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیای لە شاری سانت پترسبۆرگ دا و فەرمانی کرد تا پێش 18ی ئەیلوول سەرجەم کارمەندەکانی خاکی رووسیا بەجێبهێڵن.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، مۆسکۆ بە فەرمی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیای لە وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە مۆڵەتی کارکردنی کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە شاری سانت پترسبۆرگ هەڵوەشێندراوەتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، دەبێت کونسوڵخانەکە تاوەکو 18ی ئەیلوولی 2026 بە تەواوی دابخرێت و تەواوی دیپلۆماتکار و کارمەندەکانی لەو وادەیەدا خاکی فیدراسیۆنی رووسیا بەجێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا روونی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە وەڵامی "رەفتارە نادۆستانەکانی ئەڵمانیا" هاتووە، دوای ئەوەی بەرلین بڕیاری داخستنی کونسوڵخانەی گشتیی رووسیا لە شاری بۆن و "ماڵی زانست و رۆشنبیریی رووسیا"ی لە بەرلین دابوو.
ئەم هەڵکشانی گرژییە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە لە 1ـی ئەیلوول، حکوومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی رایگەیاندبوو لێکۆڵینەوەکانیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە رووسیا لەپشت هەوڵێکی هێرشی درۆنییەوە بووە بۆ سەر فڕۆکەخانەی "لایپزیگ/هالێ" لە مانگی رابردوودا. لە کاردانەوەی ئەو رووداوەشدا، بەرلین زنجیرەیەک سزای دیپلۆماسیی بەسەر مۆسکۆدا سەپاند و دوو ناوەندە دیپلۆماسی و رۆشنبیرییەکەی رووسیای داخست.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی رووسیا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانەی ئەڵمانیایان رەتکردەوە و بە "بێ بنەما" ناوزەندیان کرد. مۆسکۆ لای خۆیەوە بەرلینی تۆمەتبار کرد بەوەی بەڵگەی ساختەی لە دژی رووسیا دروستکردووە، تاوەکو لەم رێگەیەوە مۆسکۆ لە رووداوە ئەمنییەکانی ناوخۆی ئەڵمانیادا تێوەبگلێنێت و بیانوو بۆ فراوانکردنی گەمارۆ دیپلۆماسییەکان بدۆزێتەوە.