وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەدواداچوون بۆ هێرشکردنە سەر قوتابیانی عێراقی لە ئێران دەکات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، بە وردی بەدواداچوون بۆ رووداوی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک قوتابی عێراقی لە پارێزگای سمنانی ئێران دەکەن و جەختیش لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشە دەکەن کە لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانییەوە کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی قوتابیانی عێراقی لە پارێزگای سمنان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، باڵیۆزخانەی عێراقی لە تاران راسپاردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاریی رووداوەکە بن، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک لە باڵیۆزخانە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی قوتابییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران بۆ بەدواداچوونی لێکۆڵینەوەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە کردووەتەوە کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوە سوپاسی ئەو هەنگاوانەی لایەنە ئێرانییەکانی کردووە کە بۆ پاراستنی قوتابییەکان و گواستنەوەیان بۆ زانکۆکانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان گرتوویانەتە بەر.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانی عێراقی لە ئێران دابین بکرێت و رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی جۆرە رووداوانە.