تا ئێستا زیاتر لە 33 هەزار کۆچبەر لە ئەوروپاوە دیپۆرت کراونەتەوە
ئاژانسی پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) ئاشکرای کرد، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هاوکاریی وڵاتانی ئەوروپای کردووە بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە 33 هەزار کۆچبەری نایاسایی بۆ وڵاتانی رەسەنی خۆیان، کە زۆرینەیان بە شێوازی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی فەرمیی ئاژانسی فرۆنتێکس کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ئاماری گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025، بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ بە شێوەیەک پار نزیکەی 30 هەزار کۆچبەر گەڕێنرابوونەوە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە 33 هەزاری تێپەڕاندووە.
ئاژانسەکە روونی کردووەتەوە، لە کۆی ئەو 33 هەزار کۆچبەرە، 21 هەزاریان بە شێوەی ئارەزوومەندانە بڕیاری گەڕانەوەیان داوە، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ئەو ژمارەیە 19 هەزار کەس بوو. فرۆنتێکس جەختی لەوە کردووەتەوە، رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوە تەنیا دوای ئەوە دەستپێدەکەن کە کۆچبەرەکە سەرجەم ڕێگە یاساییەکانی بۆ مانەوە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەکارهێنابێت و داواکەی بە یەکجاری رەتکرابێتەوە.
ئێستا ئەفسەرانی فرۆنتێکس لە فڕۆکەخانەکانی 11 وڵاتی ئەوروپیدا جێگیر کراون، و جگە لە راییکردنی کاروباری کارگێڕی و گەشتە ئاسمانییەکان، هاوکاریی وڵاتان دەکەن لە دەرهێنانی بەڵگەنامەی گەشت لە باڵیۆزخانەی وڵاتی کۆچبەرەکانەوە.
لە رووی ئەو وڵاتانەی زۆرترین هاووڵاتییان گەڕێنراوەتەوە، تورکیا، سووریا و جۆرجیا لە پلەکانی پێشەوەی لیستەکەدان. لە بەرامبەردا، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و قوبرس زۆرترین ژمارەی دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی کۆچبەرانیان لەسەر ئاستی ئەوروپا تۆمار کردووە.
وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە نیازن لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵدا، هاوکات لەگەڵ کەوتنەکاری "پەیماننامەی نوێی کۆچ و پەنابەری"، رێژەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران زیاتر بکەن.
لە هەمان کاتدا، هەر پێنج وڵاتی دانیمارک، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەمسا و یۆنان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، بە ئامانجی دروستکردنی "ناوەندەکانی گەڕاندنەوە" لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپا، تاوەکو ئەو پەناخوازانەی داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە لەو ناوەندانەدا بمێننەوە تا کاتی گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.