شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم گەیشتە بەغدا
شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسایی بودجەی ساڵی 2027 و چارەسەرکردنی پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست و پلەبەرزکردنەوە گەیشتە بەغدا.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم گەیشتە بەغدا، کە پێکهاتوون لە بەرێوەبەری بەشی ژمێرکاری، بەڕێوەبەری بەشی بودجە، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و کۆمەڵێک کەسی پسپۆڕ و شارەزا بۆ نووسینەوەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم سبەی دەستپیدەکات و تاوەکوو پێنجشەممە بەردەوام دەبن، کە کۆبوونەوەکان تایبەت دەبن بەو داواکارییانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت لە پرۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2027دا هەبن.
ئاماژەشی دا، بڕیارە باس لە بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکەن کە داواکاری سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە نزیکەی 86 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەیە.
گوتیشی: پێشتر فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەوان فەرمانبەری گرێبەستیان کردە هەمیشەیی، ئەوا پشکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تێدا دەبێت.
پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، بابەتی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان هەر دوو شاند بریتی دەبێت لە پرسی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانە کە لە ساڵی 2025ەوە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەی داراییەوە راگیراوە؛ هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت و مووچەی پێشمەرگە هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمانی تەندروستی، مووچەی نەدراوی خانەنشینان و دامەزراندنی سێ یەکەمەکان کردووە.
باسی لەوەش کرد، پێ دەچێت لە چەند رۆژی داهاتوو شاندی دیکەش لە هەرێمی کوردستان بگەنە بەغدا، چونکە هەفتەی داهاتوو کۆتا وادەیە بۆ نووسینەوەی رەشنووسی کۆتایی پرۆژە یاسایی ساڵی 2027، تاوەکوو 15 مانگ تەواو رەشنووسەکە ئامادە بێت.