زێلێنسکی: واشنتن کار لەسەر راگرتنی هێرشەکانی سەر وێستگەکانی وزە دەکات

دوای کۆبوونەوەی لەسەریەکی نێردەکانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکانی رووسیا و ئۆکراینا، ئومێدەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان بەرز بوونەتەوە. هاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ئاشکرای دەکات، ئەمریکا هەوڵی رێککەوتنێک دەدات بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان لە وەرزی زستاندا و پێیوایە ڤلادیمێر پووتین لە ترسی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپ، رەنگە مل بۆ دانوستان بدات.

دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، دوای ئەوەی شاندە تایبەتەکەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لە گەشتەکەیان بۆ مۆسکۆ و کیێڤ گەڕانەوە، بە تۆڕی فۆکس نیوزیان راگەیاند، هەستێکی زۆر ئەرێنیان لەبارەی دەرفەتەکانی بەدیهێنانی ئاشتی هەیە. کوشنەر ئاشکرای کرد، ترەمپ راستەوخۆ ئەرکی داڕشتنی "پاکێجێکی هەمەلایەنەی ئاشتی" پێسپاردوون و ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی شەڕەکە بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنن.

لە هەمان کاتدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ، سەرۆکی ئۆکراینا بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، هەفتەکانی پێش هاتنی زستان دەرفەتێکی زێڕینن بۆ دیپلۆماسی؛ گوتیشی: "هەستم وایە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لەم قۆناخەدا پێویستی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە و بە هیچ جۆرێک نایەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تووڕەی بکات؛ بۆیە ئەگەر پووتین خۆیشی نەیەوێت گرژییەکان کەم بکاتەوە، ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت گوشاری لێبکات تا سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی پێببەخشێت."

سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، نێردەکانی ئەمریکا پەیامی مۆسکۆیان پێگەیاندووە کە پووتین ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر بیرۆکە نوێیەکان بکات، هەرچەندە ئەو هێشتا بە گومانەوە لەم پرسە دەڕوانێت، بەو پێیەی هێرشەکانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگدا بەردەوامن.

زێلێنسکی پەردەی لەسەر بەشێک لە پێشنیازە نوێیەکانی ئەمریکا لادا و گوتی، واشنتن کار لەسەر ئەوە دەکات پێش هاتنی سەرمای زستان، هەردوولا لەسەر هەنگاوێکی هێورکەرەوە رێکبکەون تا رێگری لە قەیرانی مرۆیی بکرێت. تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە: راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و وزە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە، و رێکخستنی پرسی هەناردەی نەوت و گاز.

هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەمریکا هاوتەریب کار لەسەر "پاکێجی زستانە" دەکات بۆ ئۆکراینا، کە بریتییە لە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و گازە شلکراوە تا رێگری لە داڕمانی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی بکرێت.

سەرەڕای ئەم کرانەوە دیپلۆماسییە، زێلێنسکی جەختی کردەوە، ئۆکراینا دەبێت لە رووی سەربازییەوە بە بەهێزی بمێنێتەوە و رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک بکرێت دەبێت گەرەنتیی ئەمنی و پاڵپشتیی دارایی لەخۆبگرێت و نادادپەروەرانە نەبێت.

سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە واشنتن کرد سزای زیاتر بەسەر کەرتە داراییەکانی مۆسکۆدا بسەپێنێت و گوتی: "پووتین پارەی دەوێت بۆ ئەوەی جەنگەکە درێژە پێبدات؛ دەبێت سەرچاوەی پارەکەی لێ ببڕدرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەم دوا دەرفەتن و پێشبینی دەکرێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، قۆناخێکی نوێی دانوستانەکان بە سەرپەرشتی ترەمپ دەستپێبکات.