حکوومەتی بەریتانیا لە خۆپیشاندان دژی پەنابەران نیگەرانە

حکوومەتی بەریتانیا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەیەی کرد کە لەلایەن خۆپیشاندەرانی دژە کۆچبەر لە باشووری وڵاتەکە ئەنجامدرا، دوای ئەوەی هەوڵیان دا، رێگری لە دابەزینی 120 کۆچبەر لە بەندەری شاری پۆرتسمۆس بکەن.

درەنگانی دوێنێ یەکشەممە، زیاتر لە 200 خۆپیشاندەر کە زۆربەیان دەمامکدار بوون و جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو، لە بەندەری شاری پۆرتسمۆس لە باشووری بەریتانیا کۆبوونەوە و رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە. خۆپیشاندەران هەوڵیان دا رێگری لە بەلەمەکانی فریاگوزاری بکەن کە نزیکەی 120 کۆچبەریان دوای پەڕینەوەیان لە کەناڵی ئینگلیز هێنابووە کەناراوەکان، هاوکات هەوڵی تێکدانی رێڕەوی سێ پاسیان دا کە ئامادەکرابوون بۆ گواستنەوەی کۆچبەرەکان بۆ ناوەندی تایبەت بە تاوتوێکردنی داواکاریی پەنابەری.

لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، حکوومەتی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، "مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بەشێکی بنەڕەتییە لە دیموکراسیی ئێمە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ئەم مافە سنوورەکان ببەزێنێت و بگۆڕێت بۆ پشێوی و پێکدادان."

هاوکات سارا جۆنز، وەزیری پۆلیسی بەریتانیا هۆشداری توندی دا و رایگەیاند: "چاوپۆشی لە هیچ جۆرە پشێوییەک ناکرێت؛ هەر کەسێک هێڵی جیاکەرەوەی نێوان خۆپیشاندانی ئاشتییانە و پێشێلکردنی یاسا ببەزێنێت، بە توندترین شێوە و بە هەموو هێزی یاسا رووبەڕووی دەبینەوە."

پۆلیسی ناوچەی هامپشایەر و دوورگەی وایت ئاماژەی دا، لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیان لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس دەستپێکردووە، دوای ئەوەی لە ئەنجامی گرژییەکاندا ژمارەیەک پۆلیس بریندار بوون و زیان بە چەند ئۆتۆمبێلێکی فەرمی گەیشتووە.

ئەم ئاڵۆزییانەی بەندەری پۆرتسمۆس دوای رۆژێک دێت لەوەی سەدان خۆپیشاندەری دژە کۆچبەر رێگاکانی بەرەو بەندەری دۆڤەریان داخست، کە قەرەباڵغترین بەندەری بەریتانیایە، ئەمەش بووە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی گەشتیاران و کاروانی بارهەڵگرە بازرگانییەکان بەرەو خاکی فەرەنسا.