تاران و مەسقەت لە رێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە گەرووی هورمز نزیک دەبنەوە

ئێران دووپاتی کردەوە گفتوگۆکان لەگەڵ عومان سەبارەت بە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. ئەم هەواڵەش کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بازاڕەکانی وزە دروست کرد و بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا لە تاران رایگەیاند: "گفتوگۆکان لەگەڵ مەسقەت گەیشتوونەتە قۆناخە کۆتاییەکان و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا تێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە دەستەبەرکردنی رێڕەوێکی ئارامی کاتی لەو گەرووەدا بێتە ئاراوە."

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت ئەم رێککەوتنە لە رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO) تۆمار بکرێت، گوتیشی: "پێشکەوتنی زۆر باش لە گفتوگۆکان بەدەست هاتووە." هاوکات هیوای خواست هیچ لایەنێکی سێیەم دەستوەردان لەم پرۆسەیەدا نەکات.

دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا دابەزینی بەخۆوە بینی، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گەشبینی بازاڕەکان رێککەوتنی نێوان ئێران و عومان دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی تانکەرە نەوتەکان و کەشتییە بازرگانییەکان. نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە 97.93 دۆلارەوە بۆ 96.38 دۆلار دابەزی.

ئەم گفتوگۆیانەی نێوان ئێران و عومان کە چەند هەفتەیەکە بەردەوامە، لە کاتێکدایە، تاران هەوڵ دەدات جۆرێک لە باج بەسەر خزمەتگوزارییەکانی گەرووەکەدا بسەپێنێت. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بەردەوامە لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران بۆ رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و فشار دەخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی دۆخی گەرووی هورمز بگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی جەنگ، کاتێک بەبێ هیچ بەربەست و باجێک بۆ کەشتیوانی نێودەوڵەتی کراوە بوو.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای تەقینەوەی جەنگ لە 28ـی شوباتی رابردوو بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، جووڵەی کەشتیوانی لەو ناوچە زیندووەدا تووشی پەککەوتن بووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران بە چاندنی مین و هەڕەشەکردن لە کەشتییەکان کاردانەوەی نیشان دا.

سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ عومان، ئێران هەنگاوێکی دیکەی پەرەپێدانی گرژییەکانی راگەیاند. موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند؛ تاران بە نیازە ناوچەیەکی دەریایی قەدەخەکراو لە دەرەوەی گەرووی هورمز رابگەیەنێت. ڕەزایی هۆشداری دا "هەر کەشتییەک بچێتە ناو ئەو ناوچە نوێیەوە، دەخرێتە لیستی سزاکانی ئێرانەوە."