رووسیا دوای سێ رۆژ هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ دەستپێکردەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا لە کیێڤ زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی رووسیا دێت، دوای ئەوەی هێرشەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ وەستابوون. وەستانی هێرشەکان هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی ستیف ویتکۆف و جێرد کوشنەر، نێردراوانی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ و کیێڤ.
ئیدارەی سەربازیی کیێڤ رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پایتەخت چالاک کراوە، دەزگاکانی فریاگوزاری بڵاویانکردەوە، لە ناوچەکانی بۆریسبیل و فاستیڤ لە دەوروبەری پایتەخت زیان بەر چەند باڵەخانەیەک کەوتووە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاریدابوو هێرشەکان بۆ سەر کیێڤ بۆ ماوەی سێ رۆژ رابگیرێن، ئەو بڕیارە نیوەشەوی شەممەی رابردوو جێبەجێکرا، بەمەبەستی پێشوازیکردن لە شاندە ئەمریکییەکە و دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ویتکۆف و کوشنەر، ئەو ئاگربەستە کاتییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بوو بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامە و تا ئێستا بێ ئەنجام بووە.
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەشبینیی خۆی دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتی لەگەڵ رووسیا پێش هاتنی وەرزی زستان پیشاندا، ئەمەش دوای ئەو سەردانەی ویتکۆف و کوشنەر بۆ مۆسکۆ و کیێڤ هات، کە زێلێنسکی پێی وایە دەرفەتێکی لەبار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ماوەی مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا هەیە.
زێلێنسکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاند، شیکردنەوەی خۆی بۆ هەڵوێستی پووتین خستە روو، ئەو پێی وایە سەرۆکی رووسیا پشت بە وەرزی زستانێکی سەخت دەبەستێت بۆ لاوازکردنی ئۆکرانیا، لەوانەش بە ئامانجکردنی ژێرخانی وزە، هاوکات پووتین نایەوێت پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تووڕە بکات.
زێلێنسکی لەم بارەیەوە گوتی "هەست دەکەم پووتین پێویستی بە ترەمپە و نایەوێت بێزاری بکات"، هەروەها هۆشدارییدا، مۆسکۆ پێی وایە زستانی داهاتوو دەتوانێت ئۆکرانیا تێکبشکێنێت.
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردەوە کیێڤیش گوشاری ئابووری دەخاتە سەر رووسیا و گوتی "کاتێک هێرشیان کردە سەر کارەباکەمان، ئێمەش رێگریمان لێکردن نەوت و گازی خۆیان بفرۆشن"، زێلێنسکی روونیکردەوە، ئۆکرانیا لە ماوەی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی لەبەردەستە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ گفتوگۆ و راشیگەیاند "بەبێ دیالۆگ ناگەینە هیچ ئەنجامێک".
زێلێنسکی پێشبینی کرد ترەمپ رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستان پێش هاتنی وەرزی زستان، ئاماژەشی بەوە کرد، ئەو کۆبوونەوانەی کۆتایی هەفتەی رابردوو لەلایەن پووتین و زێلێنسکییەوە لەگەڵ نێردراوە ئەمریکییەکان سازکران، تا ئێستا ئەنجامی بەرچاویان نەبووە، بەڵام دەرگاکە بۆ دەستپێکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی دەکەنەوە.