وەزیری نەوت: رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکەین
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە و بۆ زیاترکردنی ئەو رێژەیەش کار بۆ دروستکردنی بۆریی نەوتی بەسرە - پێشخاپوور دەکەن تاوەکوو نەوت لە رێگەی تورکیاوە هەناردە بکرێت.
باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، رایگەیاند، سەرچاوەکانی هەناردەی نەوتیان فرەچەشن کردووە و هەناردەی نەوتی عێراق لە رۆژێکدا سێ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کرد، هەوڵەکانی حکوومەت بەردەوامن بۆ ئەوەی بەرهەمە سووتەمەنییەکان لە ناوخۆدا بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێن و وڵات پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسم محەممەد خزەیر ئەوەی خستەڕوو، چەندین پڕۆژەی ستراتیژییان لە بواری نەوت بەدەستەوەیە. ئاماژەی بەوەش دا، پێکەوەبەستنی بەسرە و پێشخاپوور بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان، شانبەشانی بەردەوامبوون لە وەبەرهێنان لە گازی سروشتیدا.
عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا و داهاتی وڵاتەکە بە رێژەیەکی زۆر پشتی بە فرۆشتنی نەوتی خاو بەستووە. لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دروستبوونی مەترسی لەسەر رێڕەوە ئاوییەکانی وەک گەرووی هورمز، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە سەرچاوە و رێگەکانی هەناردەکردنی نەوت فرەچەشن بکات بۆ ئەوەی هەناردەکردنەکەی تووشی پچڕان نەبێت.
پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوتی بەسرە بۆ پێشخاپوور و دواتر بۆ تورکیا و بەندەری بانیای سووریا، یەکێکە لە پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەربازبوون لەو مەترسییانە. هاوکات عێراق هەوڵ دەدات لە داهاتوودا ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.