ئایا بەکارهێنانی کۆلاجین کاریگەریی بەسەر جوانی پێست هەیە؟

کۆلاجین لەم ساڵانەی دواییدا بازاڕەکانی جیهانی تەنیوە و وەک کلیلی گەنجبوونەوە و بەهێزکردنی جومگەکان دەناسرێت، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە ئەم بەرهەمە "موعجیزە" نییە، بەڵام دەکرێت سوودێکی بەرچاوی بۆ تەندروستیی پێست و جومگەکان هەبێت، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ شێوازێکی تەندروستی ژیاندا هاوتەریب بێت.

کۆلاجین یەکێکە لە پرۆتینە هەرە زۆرەکانی ناو جەستەی مرۆڤ و نزیکەی 30%ـی کۆی گشتیی پرۆتینەکانی جەستە پێکدەهێنێت. ئەم پرۆتینە وەک "چەسپێک" وایە کە پێکهاتە و پاڵپشتی بۆ شانەکانی جەستە، لەوانە پێست، ماسولکە و ئێسکەکان دابین دەکات. بەڵام لەگەڵ چوونە نێو تەمەن، رێژەی بەرهەمهێنانی کۆلاجین لە جەستەدا کەمدەبێتەوە، بەتایبەت کۆلاجینی جۆری 1 کە بەرپرسە لە جوانیی پێست.

کاریگەریی لەسەر پێست

توێژینەوەیەک کە لەسەر زیاتر لە 1,100 کەس لە تەمەنی نێوان 20 بۆ 70 ساڵ ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە بەکارهێنانی کۆلاجین بۆ ماوەی 90 رۆژ، بە شێوەیەکی کارا چرچیی پێست کەمدەکاتەوە و نەرمی و شێدارییەکەی زیاد دەکات. توێژینەوەیەکی دیکەش ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنیا دوای 28 رۆژ لە بەکارهێنانی، گۆڕانکاریی ئەرێنی لە پێستدا دەردەکەوێت.

زانایان رێنمایی دەدەن کە بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام، پێویستە لەپاڵ بەکارهێنانی کۆلاجین، رەچاوی ئەم خاڵانەش بکرێت:

- بەکارهێنانی دژەخۆر.
- وازهێنان لە جگەرەکێشان.
- کەمکردنەوەی کحول.
- خواردنەوەی ئاوی پێویست و خەوی رێک.

بۆ تەندروستیی ئێسک و جومگەکان

کۆلاجین پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئێسکەکانە و نەرمی و بەهێزییان پێدەبەخشێت. توێژینەوەیەک لەسەر 96 کەس کە کێشەی جومگەیان هەبووە، دەریخستووە کە وەرگرتنی کۆلاجین بۆ ماوەی 24 هەفتە، توانای جوڵەی جومگەکانی باشتر کردووە. هەروەها رەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئازاری ئەژنۆ و زیادکردنی چڕیی ئێسک.

کۆستە نەرێنییەکان و رێنماییەکان
هەرچەندە کۆلاجین بە گشتی بە سەلامەت دادەنرێت، بەڵام رەنگە لە هەندێک کەسدا ببێتە هۆی:

- غازاتی سک و دڵەکزێ.
- هێڵنجدان.
- هەستیاری (بەتایبەت ئەگەر سەرچاوەکەی ماسی بێت).
پزیشکان ئامۆژگاری دەکەن کە ژنانی دووگیان پێش بەکارهێنانی روو لە پزیشک بکەن. هەروەها لە کاتی کڕیندا، باشترە جۆری "کۆلاجینی هایدرۆلایزکراو" (Hydrolyzed) هەڵببژێردرێت، چونکە جەستە خێراتر هەڵیدەمژێت.

بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی بەرهەمەکە، رێنمایی دەدرێت کە ئەو براندە هەڵبژێردرێت کە لەلایەن رێکخراوە جیهانییەکانی وەک NSF یان USP تاقیکردنەوەی بۆ کراوە، چونکە رێژەی زۆری شەکر و ماددەی زیادە لە هەندێک بەرهەمدا، کاریگەرییەکەی کەمدەکاتەوە.