13 وڵات پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەناری رۆژئاوا رادەگرن

وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی کاڵای کۆمەڵگە جوونشینەکانیان لە کەناری رۆژئاوا راگەیاند؛ لەندەن جەختی کردەوە یاسای قەدەخەکردنەکە لە ماوەی 6 بۆ 9 مانگی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیسرائیلی بە چاوپۆشیکردن لە پاکتاوی نەژادی دژی فەلەستینییەکان تۆمەتبار کرد، هاوکات پاریس رایگەیاند هاوشانی 11 دەوڵەتی دیکە کۆتایی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانە دەهێنێت بەهۆی ئەوەی رەوشی کەناری رۆژئاوا گەیشتووەتە لێواری تەقینەوە.

سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، یاسای قەدەخەکردنی هاوردەکردنی کەلوپەل لە کۆمەڵگە جوونشینەکانەوە لە ماوەی 6 بۆ 9 مانگی داهاتوودا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەندەن ئەم کۆمەڵگەیانە بە تەواوی نایاسایی و پێشێلکاری بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان دەزانێت.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا rەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتی تەلئەڤیڤ گرت و حکوومەتی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی چاوی لەو "پاکتاوە نەژادییە" پۆشیوە کە لەلایەن بەشێک لە نیشتەجێبووانی کۆمەڵگە جوونشینەکانەوە لە کەناری rۆژئاوا دەرهەق بە هاووڵاتییانی فەلەستینی ئەنجام دەدرێت.

میلیباند جەختی کردەوە: "حکوومەتی بەریتانیا تەواوی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە نایاسایی دەزانێت و لەمەودوا بەپێی کردەوەکانیان هەڵسەنگاندن بۆ حکوومەتی ئیسرائیل دەکات، نەک لێدوانەکانیان." ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی نیشتەجێکردنی ناسراو بە (E1) بە ئامانجی لەناوبردنی بژاردەی "چارەسەری دوو دەوڵەت" ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا ئەو چارەسەرە وەک قیبلەنما سیاسەتی دەرەوەی لەندەن ئاراستە دەکات.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێکارانە بە مانای "دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ستەم"، و روونی کردەوە کە ناکۆکیی لەندەن لەگەڵ گەلی ئیسرائیل نییە، بەڵکو لەگەڵ رەفتار و سیاسەتەکانی حکوومەتەکەیاندایە؛ بەڵام هاوکات جەختی کردەوە کە هەردوو وڵات لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیی هاوبەش، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی.

لە تەوەرێکی دیکەی بڕیارەکانیدا، ئێد میلیباند رایگەیاند، بەریتانیا سزای نوێ بەسەر دامەزراوەی "قەرزولحەسەن"ی سەر بە حزبوڵڵای لوبنان دەسەپێنێت و وەک "قۆڵی دارایی و سەرچاوەی دابینکردنی پارەی حزبوڵڵا" ناوزەندی کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو بانکی ناوەندیی لوبنانیش هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بانکی و دارایی لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە قەدەغە کردبوو.

هاوکات ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، پاریس کۆتایی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل لە خاکی فەلەستین دەهێنێت. هەروەها نووسیویەتی: "فەرەنسا هاوشانی 11 دەوڵەتی دیکە کە بەڵێنی گرتنەبەری هەمان هەنگاویان داوە، بازرگانی لەگەڵ کۆمەڵگە جوونشینەکان ڕادەگرێت."

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆکاری ئەم بڕیارەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "بۆچی ئەم کارە دەکەین؟ چونکە دۆخی کەناری رۆژئاوا لە لێواری تەقینەوەدایە؛ فراوانکردنی شێتانەی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان، هەڵکشانی توندوتیژیی نیشتەجێبووە توندڕەوەکان دژ بە فەلەستینییەکان، و ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی تەنانەت لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلیشەوە رەخنەیان لێگیراوە، هەموویان هەڕەشەن لەسەر بەدیهێنانی بژاردەی چارەسەری دوو دەوڵەت."

ئەم هەنگاوەی پاریس دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەوڵیان دا بڕیارێکی هاوبەش لەسەر ئاستی تەواوی یەکێتییەکە بدەن، بەڵام بەهۆی دژایەتیی بەرچاوی ئەڵمانیاوە نەیانتوانی دەنگی زۆرینەی پێویست بەدەستبهێنن.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی لەمبارەیەوە بە رۆیتەرز رایگەیاند: "لەبەر رەوشی مەیدانی ناتوانین چاوەڕێ بکەین، بۆیە ئەم بڕیارە لەسەر ئاستی نیشتمانیی وڵاتەکەمان دەدەین." هاوکات جەختیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە بە مانای بایکۆتکردنی گشتیی ئیسرائیل نییە.

هەرچەندە هێشتا وادەی فەرمی و وردەکاریی یاسایی قەدەخەکردنەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەم بڕیارە ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان پاریس و تەلئەڤیڤ، کە لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە رووی لە گرژیی زیاتر کرد دوای ئەوەی فەرەنسا پێشەنگایەتیی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین.