روبیۆ: بەشداری لە سزادانی کۆمەڵگە جوونشینەکان ناکەین
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئەمریکای لاتین، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر گرژییەکانی کەناری رۆژئاوا راگەیاند و بەشداریکردنی لە سزاکانی دژ بە ئیسرائیل رەتکردەوە، هاوکات هۆشداریشی دا لە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە و تاران بە داڕێژەری ئەو هێرشانە ناوبرد.
سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شاری میامی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکاران، سەرنجی خستە سەر دوو پرسی هەستیاری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و کەناری رۆژئاوا، و هەڕەشەکانی حووسییەکان بۆ سەر عەرەبستانی سعوودیە.
سەبارەت بە بڕیاری 12 وڵاتی ڕۆژئاوایی بە سەرپەرشتی بەریتانیا بۆ بایکۆت و سزادانی کاڵای کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکان، روبیۆ رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئێمە وەک ئەمریکا ئەو هەنگاوە نانێین کە بەریتانیا ناویەتی."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "ئامانجی ئێمە سەقامگیرییە؛ لە کاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، نامانەوێت هیچ کارێک ببینین کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری یان زیادبوونی گرژییەکان لە کەناری رۆژئاوادا."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعوودیە، روبیۆ جەختی لەوە کردەوە، حووسییەکان بریکاری ئێرانن، و بە تەواوی "دەستی تاران" لەپشت جموجۆڵەکانیانەوە دەبینرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا پەیوەندییەکی بەرگری و سەربازیی زۆر بەهێزی لەگەڵ سعوودیە هەیە، و ئێمە لە نزیکەوە و بە وردی چاودێریی پێشهاتە ئەمنییەکان دەکەین."
روبیۆ باسی لە دۆخی مەیدانیی یەمەنیش کرد و ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر زەمین بەردەوامە، و هێزەکانی یەمەن رووبەڕووی حووسییەکان بوونەتەوە و توانیویانە پێشڕەوییەکانی ئەو گرووپە پاشەکشە پێبکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەر بڕیارێکی تایبەت بە جووڵەی سەربازی لە دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادایە و رووداوەکان لە نزیکەوە هەڵدەسەنگێنن.