ئیسرائیل لە وەڵامی سزاکانی بەریتانیا کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەی لە قودس داخست
لە کاردانەوەی سزاکانی ئەم دواییەی بەریتانیا بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لێدوانەکانی حکوومەتی لەندەنی بە "درۆ " ناوبرد و 4 سزای بەرپەرچدانەوەی بەسەر بەریتانیادا سەپاند، لە سەروویانەوە داخستنی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە قودس.
سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هێرشی توندی کردە سەر حکوومەتی بەریتانیا و لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لە پەرلەمان دەربارەی توندوتیژیی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان بە "ناڕاست و بە تەواوی هەڵبەستراو" وەسف کرد.
جەدعون ساعر ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندیی مێژوویی گەلی جوو بە خاکی "یەهوودا و سامیرە" (کەناری رۆژئاوا) بە بەڵگەی مێژوویی چەسپێنراوە، و وەبیری هێنایەوە کە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر خودی حکوومەتی بەریتانیا لە رێگەی "راگەیەندراوی بلفۆر"ەوە دانیناوە بە مافی مێژوویی جوو بۆ بنیاتنانەوەی نیشتمانی خۆیان لەسەر ئەم خاکە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل زنجیرەیەک بڕیاری وەک وەڵامدانەوە بۆ بەریتانیا راگەیاند و جەختی کردەوە، قودسی یەکگرتوو پایتەختی ئیسرائیلە و لەژێر سەروەریی تەواوی ئەواندایە، بۆیە نابێت هیچ کونسوڵخانەیەکی بیانی بەبێ رەزامەندیی تەلئەڤیڤ کار بکات؛ هەروەها کارمەند و نوێنەرانی بەریتانیا لە "ناوەندی نێودەوڵەتیی هاوکاری بۆ غەززە" لە ناوچەی کریات گات دەرکرد.
ئاماژەشی داوە، کۆتاییان بە سەرجەم چالاکییە سەربازی و مەشقپێکردنەکانی تیمی بەریتانی بۆ هێزەکانی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین لە رامەڵڵا هێناوە و هاتنەناوەوەی 12 بەرپرسی هەڵبژێردراو و پەرلەمانتاری بەریتانی بۆ ناو خاکی ئیسرائیل کە بە گوتەی ناوبراو بەشدارییان لە هەڵمەتەکانی دژە جوو و دژە ئیسرائیلدا کردووە؛ قەدەخەکرد.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هەنگاوەکەی بەریتانیای بە "دەستوەردانێکی ئاشکرا لە هەڵبژاردنە سیاسییەکانی ئیسرائیل" ناوبرد و جەختی کردەوە: "زۆرینەی رەهای گەلی ئیسرائیل پشتگیری لە کۆمەڵگە جوونشینەکان دەکەن و بە توندی دژی دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینین لە دڵی خاکی وڵاتەکەماندا؛ هەر هەوڵێکیش لەلایەن لەندەنەوە بۆ سەپاندنی ئەمە شکستی پێدەهێنرێت."
هۆشداریشی دایە هاوپەیمانەکانی پێشووی و گوتی: "ئێمە دوای دوو هەزار ساڵ نەگەڕاوینەتەوە بۆ سەر زێدی خۆمان تاوەکو لەژێر گوشاری توندڕەوان و چەپەکان دەستبەرداری ببین؛ پەیاممان روونە: هەر کەسێک هەنگاو دژی ئیسرائیل بنێت، باجەکەی دەدات و پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا لەدەست دەدات."
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی کاڵای کۆمەڵگە جوونشینەکانیان لە کەناری رۆژئاوا راگەیاند؛ لەندەن جەختی کردەوە یاسای قەدەخەکردنەکە لە ماوەی 6 بۆ 9 مانگی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیسرائیلی بە چاوپۆشیکردن لە پاکتاوی نەژادی دژی فەلەستینییەکان تۆمەتبار کرد، هاوکات پاریس رایگەیاند هاوشانی 11 دەوڵەتی دیکە کۆتایی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانە دەهێنێت بەهۆی ئەوەی رەوشی کەناری رۆژئاوا گەیشتووەتە لێواری تەقینەوە.