خاچی سوور: ململانێی سعوودیە و حوسییەکان مەترسیی لەسەر تەواوی ناوچەکە دروست کردووە
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، داوای گرتنەبەری "هەنگاوی بەپەلە" بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان سعوودیە و حوسییەکانی یەمەن دەکات و هۆشداری دەدات کە ئەم ململانێیە مەترسیی تەشەنەسەندنی شەڕی لە تەواوی ناوچەکەدا دروست کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان سعوودیە و حوسییەکان نیگەرانییەکی زۆری لای ئەوان دروست کردووە، ئەم لێدوانەی خاچی سوور دوای ئەوە دێت کە حوسییەکانی یەمەن گەورەترین هێرشیان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە، لە بەرامبەریشدا ریاز بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی وەڵامی دانەوە.
میرینا سپۆلیاریک، سەرۆکی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە رایگەیاند "ئەگەر شەڕ و ململانێکان رانەگیرێن، دۆخی مرۆیی ملیۆنان کەس خراپتر دەبێت و ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک تەندروستی، ئاو و کارەبا رووبەڕووی کارەسات دەبنەوە."
ئەم ئاڵۆزییانە دوای هەڵوەشانەوەی ئاگربەستێکی چوار ساڵە دێت کە لە تەممووزی رابردوودا کۆتایی هات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ململانێیەکی فراوانتر لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەکەدا.
خاچی سووری نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە لایەنە بەشەڕهاتووەکان پابەندی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بن، بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی و سڤیل لە مەترسییەکانی شەڕ بپارێزرێن و چیتر زیان بە ژێرخانی وڵاتەکە نەگات.