رۆیتەرز: کۆمارییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتاری دژە موسڵمانان بەکاردەهێنن

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، سەرکردە باڵاکانی پارتی کۆماریی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لە چەندین ویلایەتی ئەو وڵاتە هێرشەکانیان بۆ سەر کاندید و هاووڵاتییە موسڵمانەکان چڕ کردووەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی ئەو پرسە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا.

پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ـی تشرینی دووەم، کە تێیدا دیموکراتەکان هەوڵی وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی ئەنجوومەنەکە لە کۆمارییەکان دەدەن، گوتاری دژە موسڵمانان بووەتە یەکێک لە تەوەرە گەرمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێو کاندیدە کۆمارییەکاندا.

لە ویلایەتی میشیگن، جەی دی ڤانس، لە کۆڕێکی جەماوەریدا هێرشی توندی کردە سەر عەبدولسەیید، پزیشک و سیاسەتمەداری موسڵمانی دیموکرات کە خۆی بۆ ئەنجوومەنی پیران کاندید کردووە، و بە کەسێکی "زۆر خراپەکار" وەسفی کرد و تۆمەتباری کرد بە داکۆکیکردن لە تیرۆر.

ئەم تۆمەتەی ڤانس دوای ئەوە هات کە لە مانگی ئاداری رابردوودا پیاوێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بە کەنیسەیەکی جووەکان لە نزیک دیترۆیت دا؛ عەبدولسەیید هێرشەکەی سەرکۆنە کردبوو، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوە کردبوو، پەلاماردەرەکە بەهۆی کوژرانی خزمەکانی لە لوبنان بە هێرشێکی ئیسرائیل دووچاری ئازار بووە، دواتریش داوای لێبوردنی کرد کە قسەکانی بە هەڵە لێکدرابوونەوە.

لە بەرامبەردا، عەبدولسەیید وەڵامی ڤانسی دایەوە و گوتی: "خراپەکاریی راستەقینە ئەوەیە کە چاودێریی تەندروستی لە کرێکاران ببڕیت لە پێناو بەخشینی باج بە ملیاردێرەکان؛ خراپەکاری ئەوەیە خەڵک ناچار بکەیت پارەی زیاتر بۆ بژێوی و بەنزین بدەن و پاڵ بە شەڕەوە بنێیت و خەڵک لێک داببڕیت لە پێناو دەستکەوتی کەسی."

لە ویلایەتی تێکساس، گرێگ ئابۆت، حاکمی کۆماریی ویلایەتەکە، هێرشی کردە سەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی پێشنیازکراو کە لەلایەن موسڵمانانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، و داوای لێکۆڵینەوەی کرد لەوەی ناوی نا "هەوڵ بۆ دروستکردنی دادگای شەرعی"، تۆمەتێک کە لەلایەن پەرەپێدەرانی پڕۆژەکە و رێکخراوەکانی مافی مەدەنییەوە بە تەواوی رەتکرایەوە.

لە ویلایەتی ئەلەباما، کە موسڵمانان کەمتر لە نیو لەسەدی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، تۆمی توبەرڤیل، سیناتۆری کۆماری کە کاندیدە بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتەکە، هۆشداری دا لەوەی کە "دوژمن لە ناو دیوارەکاندایە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ناوی ناوە ئیسلامی توندڕەو.

رەخنەگران پێیانوایە ئەم جۆرە لێدوانانە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە موسڵمانان دەکەنە ئامانج بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لە کاتێکدا کۆمارییەکان دەڵێن ئەمە دەربڕینی نیگەرانییە لەسەر پرسی ئاسایش و توندڕەوی.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی "پیو"، ژمارەی موسڵمانان لە ئەمریکا لە 2.4 ملیۆن کەسی ساڵی 2007ـەوە بۆ نزیکەی 5.5 ملیۆن کەس ئێستا بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 1.6%ـی سەرجەم دانیشتووانی ئەو وڵاتە. لە ساڵی رابردوودا کاریگەریی سیاسیی موسڵمانان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ لەوانە هەڵبژاردنی زەهران مامدانی وەک یەکەم سەرۆکی شارەوانیی موسڵمان لە مێژووی شاری نیویۆرک، و هەڵبژاردنی غەزالە هاشمی وەک جێگری حاکمی ویلایەتی ڤێرجینیا.