وەزارەتی بەرگریی عێراق: ئەفسەرێکی پلە باڵا لە بەغدا خۆی کوشت
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، فەرماندەیەکی لیوای 63ی هێزی تایبەت، لە ناو نووسینگەکەی خۆیدا لە سەربازگەی تاجی لە بەغدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، یەحیا رەسول عەبدوڵڵا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشکرای کرد، عەقید روکن موشتاق عەلی عوبێد بەهادلی، فەرماندەی لیوای 63 لە فرقەی هێزی تایبەتی یەک، لە ناو نووسینگەی تایبەتیی خۆی لە سەربازگەی تاجی خۆی کوشتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری روونی کردەوە، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، رێکارە سەرەتایی و یاساییەکان گیراونەتەبەر، و تیمەکانی بەشی بەڵگەی تاوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە پشکنین و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ورد هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکە ئاشکرا بکرێن.
وەزارەتی بەرگریی عێراق جەختی کردەوە، هەر کاتێک لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان هات، تەواوی ئەنجامەکان و رێکارە تەکنیکییەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێن.