وردەکاریی ئاگرکەوتنەوە لەنێو گۆڕێکی کەرکووک
لەنێو گۆڕێکدا کەوتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان و گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ شوێنی ڕووداوەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی کەرکووک ئاگر لەنێو گۆڕێکدا دروست بووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، هێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی گەیشتنە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
هاووڵاتییەکی شایتحاڵ کە یەکەم کەس بووە ئاگرەکەی بینیوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند "ماوەی پێنج ساڵە بەردەوام سەردانی ئەم گۆڕستانە دەکەم، ئێوارەی ئەمڕۆ نزیک کاتژمێر پێنج، کاتێک هاتم بۆ ئێرە و ویستم هەندێک خواردن بدەمە ئاژەڵەکان، ئاگرێکم لەناو یەکێک لە گۆڕەکاندا بینی، سەرەتا وامزانی چەند دارێکی بچووک ئاگریان گرتووە، بۆیە راستەوخۆ پۆلیسم ئاگادار کردەوە."
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستایەکی ئایینی لە شوێنی رووداوەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، ئاگرەکە هیچ پەیوەندی بە بوڕکان و لێکدانەوەی ئایینی نییە، بەڵکو دەستکردە و ژمارەیەک گەنج ئاگرەکەیان هەڵکردووە.
لەلای خۆیەوە، فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی لیوا فەتاح مەحموود یاسین خەفاجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، تیمێکی پسپۆڕ لە پۆلیسی بەلەدەی لای چەپ و بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنەکە کران بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
پۆلیسی کەرکووک روونی کردەوە "دوای پشکنینی مەیدانی، دەرکەوتووە کە ئاگرەکە لە سووتانی 'خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی بیناسازی' دروست بووە کە لە سووچێکی گۆڕستانەکەدا کۆکرابوونەوە، دوکەڵ و ئاگرەکەش لەژێر ئەو پاشماوانەوە دەهاتە دەرەوە. لێژنە هاوبەشەکە جەختی کردووەتەوە کە لەو شوێنەی ئاگرەکەی لێ کەوتووەتەوە، هیچ گۆڕێکی لێ نییە."
تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان ئاگرەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن و شوێنەکە بپارێزن، پۆلیسی کەرکووک داوا لە هاووڵاتییان و خاوەن پەیجە هەواڵییەکان دەکات، وردبن لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و نەکەونە داوی "خورافات و هەواڵی ناڕاست".