سەعد مەعن: بەغدا و هەولێر لەسەر 17 خاڵی ئەمنی ستراتیژی رێککەوتن
سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشکرای کرد، هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی ستراتیژی کە 17 خاڵی بنەڕەتی لە خۆدەگرێت، بە ئامانجی یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و چەسپاندنی سەقامگیری، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەیەک لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەکە و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و فەرماندە ئەمنییەکانی فیدراڵ، لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە و نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕێوەچوو.
بە پێی گوتەی سەعد مەعن، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە دۆسیەکانی مەیدانی، هەواڵگری و مەشق و راهێنان کرا، هەروەها حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی ئەمنی هاوبەش کە نزیکەی 17 خاڵی ستراتیژی لە خۆدەگرێت.
سەرۆکی دەستەکە گوتی: رێککەوتنەکە جەخت لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ دەکاتەوە، لەوانە: بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکانی جێی بایەخی هاوبەش، چالاککردنی هەردوو لیوای هەماهەنگی بۆ رێگریکردن لە هەر بۆشاییەکی جوگرافی کە پاشماوەکانی تیرۆر و چەتەکانی قاچاخچێتی سوودی لێ ببینن.
بە پێی قسەکانی مەعن، رێککەوتنەکە جەخت لەسەر بەهێزکردنی رۆڵی پاسەوانی سنوور دەکاتەوە، بە تایبەت لەسەر سنوورەکانی نێوان عێراق و تورکیا بە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە.
سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا هەماهەنگییەکان لە رێگەی سەنتەرەکانی پەیوەندیی هاوبەش لە هەولێر و سلێمانی چالاک بکرێن بۆ راوەدوونانی داواکراوانی یاسا.
گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی تۆڕەکانی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان فراوانتر بکرێن. مەعن دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکان نێوان شاندەکانی هەردوو حکوومەت پڕ بوون لە لێکتێگەیشتنی تەواو و هیچ خاڵێکی ناکۆکی لە نێوانیان تۆمار نەکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی باڵای ئەمنی لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕێوەچوو بۆ پتەوکردنی هەماهەنگییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کرایەوە سەر پاراستنی ئاسایشی ناوچە هاوبەشەکان لە ڕێگەی لیوا هاوبەشەکانەوە، پاراستنی سنوورەکان بە هاوکاریی پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە و ئەنجامدانی مەشق و راهێنانی هاوبەش.