سێنتکۆم: پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانمان تێکشکاند

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی جەنگیی وڵاتەکەی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، هێزەکانیان توانیویانە پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران تێکبشکێنن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە سوپای پاسداران لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە دوو هێرشی جیاوازدا، لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە کەشتییەکی جەنگیی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکای کردبووە ئامانج.

سێنتکۆم دووپاتی کردەوە، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی لە هەوڵی هێرشە ئێرانییەکان دەربازی ببێت و بەرپەرچیان بداتەوە؛ هەروەها کەشتییەکە بەبێ راوەستان لە ئەرکە مەیدانییەکانی بۆ هاتوچۆکردن لە ئاوەکانی ناوچەکە بەردەوامە.

هاوکات فەرماندەییەکە، دڵنیایی دا کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئێراندا هیچ زیانێک بەر هێزەکان و کارمەندانی سوپای ئەمریکا نەکەوتووە و هیچ سەربازێکی وڵاتەکەی بریندار نەبووە.