عێراق میکانیزمی فرۆشتنی نەوت هەموار دەکاتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز پەسەند کرد، هاوکات هەنگاوی نوێی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا و پەیوەندییە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نا.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی هەژدەهەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاری گرنگ دران کە ئامانەن:

 

کەمکردنەوەی خەرجییەکان و راگرتنی شاند (ئیفاد)

وەک بەشێک لە سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا سەرجەم گەشتەکانی دەرەوە (ئیفاد) بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت رڕابگرێت. تەنیا لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت کە دەبێت وەزیری پەیوەندیدار ڕەزامەندی لەسەر بدات، هاوکات تەرخانکراوی دارایی بۆ ئیفاد بە رێژەی 60% کەم کرایەوە، جگە لە وەزارەتی دەرەوە کە ئەم بڕیارە نایگرێتەوە.


کەرتی نەوت و وزە  

ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر هەموارکردنەوەی میکانیزمی فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو کۆتاییهاتنی تەنگژەی ئێستا و ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووت هورمز، هاوکات رەزامەندیی درا لەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامە لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای "شیڤرۆن"ـی ئەمەریکی بۆ دابینکردنی نەوتی خاو و پێشکەشکردنی راوێژی تەکنیکی.

 

 پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و سربیا

سەبارەت بە رێککەوتنی ئاویی نێوان عێراق و تورکیا، بڕیار درا هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ تورکیا لە قۆناخی یەکەمدا رۆژانە لە 33 هەزار بەرمیل تێنەپەڕێت، هەروەها وەزیری بازرگانی راسپێردرا بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی هاوکاریی ئابووری، بازرگانی، زانستی و کولتووری لەگەڵ وڵاتی سربیا.


کەرتی تەندروستی و یاسایی

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ماوەی مۆڵەتی هاوردەکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە، هەروەها بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ساڵی 1989ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان، بە مەبەستی نەهێشتنی شوێنەوارە خراپەکانی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو.

هەر بە پێی راگەیەنراوەکە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەند بڕیارێکی دیکە سەبارەت بە رێکخستنی سیستەمی باری کەشتییەکان و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق پەسند کران