میری قەتەر سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات

سەرکردایەتیی باڵای دەوڵەتی قەتەر، زنجیرەیەک بروسکەی سەرەخۆشییان ئاراستەی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کرد، بەهۆی کۆچی دوایی کەسایەتیی دیاری بنەماڵەی بارزانی، عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام.

تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میر، عەبدوڵڵا بن حەمەد ئال سانی، جێگری میر و محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی هەر یەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە، بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برا گەورەی بنەماڵەی بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی و هاوسۆزی دڵسۆزانەی خۆمانتان ئاراستە دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە ئێوە ببەخشێت.

رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە دابوو، خوا لێ خۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.

یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەچوو.