سوپای پاسداران هێرشی کردەسەر کەشتییەکانی ئەمریکا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی ئەمریکی، هەشت نەوتهەڵگر و 10 کەشتیی دیکە، بە پاساوی ئەوەی ئەو کەشتییانە هەوڵیانداوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن. ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیرنا بڵاویکردەوە.

لە بەیاننامەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران کە ئێرنا بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە؛ ئامانجەکانیان دوو کەشتیی ئەمریکی، هەشت نەوتهەڵگر و 10 کەشتیی دیکە بوون کە سوپاکە بە سەرپێچیکار ناوی بردوون.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا روونیکردەوە، ئەو کەشتییانە پلانیان هەبووە بە ناوچەیەکی قەدەخەکراو و نائەمن لە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.

هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، بە مووشەکی بالیستی هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی "ئەزرەق"ی ئەمریکی لە خاکی ئوردن، ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکایە بۆ سەر کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکانی ئێران.

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: سوپای ئەمریکا لە ئەنجامی بێدەسەڵاتی و داڕمانی بەرامبەر بە ئیرادەی گەل و جەنگاوەرانی ئێران لە گەرووی هورمز، پەنای بۆ هێرشکردنە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی و نەوتیی ئێرانی برد. لە بەرانبەر ئەم دەستدرێژییەدا، هێزەکانی سەر بە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنی تۆڵەکردنەوەیان دەستپێکرد.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیی پێشکەوتوو، بە شێوەیەکی راستەوخۆ شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35، F-16 و F-15ـی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئەزرەق لە ئوردن پێکراون و زیانێکی زۆر بە کەلوپەل و ژێرخانی سەربازیی ئەو بنکەیە گەیشتووە.