سوپای یەمەن چەند ناوچەیەکی ستراتیژی کۆنترۆڵ کرد

هێزە چەکدارەکانی یەمەن، لە بەرەی کەدحە لە رۆژئاوای تەعەز لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە، چەند پێگەیەکی نوێیان رزگار کرد. هێزە چەکدارەکان توانییان کۆنترۆڵی پێگەکانی میهال، تەپەی مەکازمە، گردەکانی حەمرا، سەودا و شیکی لە بەرەی کەدحە بەدەستبهێنن.

عەبدولعەزیز مەجیدی، سەرۆکی ئەرکانی میحوەرە سەربازییەکەی تەعەز رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان لە میحوەرە سەربازییەکەی تەعەز و هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی، ئەمڕۆ دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازی کردووە بۆ رزگارکردنی ناوچەی کەدحە لە شارۆچکەی مەقبەنە لە رۆژئاوای تەعەز، لە ژێر دەستی میلیشیا حووسییەکان کە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

مەجیدی جەختی کردەوە، هێزە هاوبەشەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پێشڕەویی مەیدانییان بەدەستهێناوە و توانیویانە کۆنترۆڵی ناوچەکانی مەکازمە، میهال و چەند تەپەیەکی نزیک لەوانە لە بەرەی کەدحە بەدەستبهێننەوە، هاوکات پێکدادانەکان لەگەڵ میلیشیا حووسییەکان بە توندی بەردەوامە.

سێشەممە، پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی سوپای یەمەن و چەکدارانی میلیشیا حووسییەکان لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای تەعەز سەریهەڵدا. هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی حکوومەت، چەند هێرشێکی ئاسمانییان کرد.

سەرچاوە مەیدانی و سەربازییەکان روونیکردەوە، حووسییەکان هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئەو پێگانە کرد کە هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی حکوومەتی تێدا جێگیر بوون، لە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای وازیعە لە رۆژئاوای تەعەز، پێکدادانی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و هێشتا بەردەوامە.

سەرچاوەکان روونیکردەوە، پێکدادانەکان لە ناوچەکانی غەیل و حەنایە چڕبوونەتەوە. سوپای یەمەن هێزی بەهێزکەری لە هێزەکانی ناوچەی چوارەم و عەمالیقە بۆ بەرەکانی گەرم لە وازیعە ناردووە، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکانی حووسییەکان.

میدیاکانی نزیک لە هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی رایانگەیاند، ئەبو ئالا عەیانی، فەرماندەی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە بەرح، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپەکەی، دوای پێکدادانی توند لە بەرەی وازیعە دەستگیر کراوە.

بەرەکانی گوندەوارەکانی رۆژئاوای تەعەز بۆ شەشەمین رۆژە لەسەریەک شایەتی پێکدادانی توندن، لە کاتێکدا پێکدادانەکان لە بەرەکانی سەقەم لە رۆژهەڵاتی حەیس لە باشووری حودەیدە بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیەدا، فڕۆکەکانی سوپای یەمەن لە چەند کاتژمێری رابردوودا بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی پێگە سەربازییەکانی میلیشیا حووسی لە رۆژئاوای تەعەز. فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر پێگەکانی میلیشیا حووسی لە بەرەی حەمیر لە قەزای مەقبەنە.

هەروەها هێزە ئاسمانییەکان هێرشی توندیان کردە سەر پێگە، کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلەکانی میلیشیا حووسییەکان لە قەزای وازیعە. لە هێرشێکی دیکەی ئاسمانیدا، کۆبوونەوە و ناوەندێکی فەرماندەیی سەر بە میلیشیا حووسییەکان لە قوتابخانەی رەحبە لە جەبەل حەبشی کرایە ئامانج.