سێنتکۆم: کەشتییەکی ئێرانمان لە کەنداوی عومان تێکشکاند
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، کەشتیی بارهەڵگری M/T Riesco دوای ئەوەی لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) تێکشکێنرا، لە کەنداوی عومان ژێرئاو کەوت. رووداوەکە سێشەممەی رابردوو، کاتێک روویدا کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتییە بارهەڵگرەکە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەوڵەکانی سوپای پاسداران بۆ هێرشکردن، کراوەتە ئامانج و تێکشکێنراوە.
سەبارەت بە چارەنووسی تیمی سەر کەشتییەکە یان زیانە گیانییەکان، فەرماندەییەکە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە سوپای پاسداران لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە دوو هێرشی جیاوازدا، لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە کەشتییەکی جەنگیی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکای کردبووە ئامانج.
سێنتکۆم دووپاتی کردەوە، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی لە هەوڵی هێرشە ئێرانییەکان دەربازی ببێت و بەرپەرچیان بداتەوە؛ هەروەها کەشتییەکە بەبێ راوەستان لە ئەرکە مەیدانییەکانی بۆ هاتوچۆکردن لە ئاوەکانی ناوچەکە بەردەوامە.
هاوکات فەرماندەییەکە، دڵنیایی دا کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئێراندا هیچ زیانێک بەر هێزەکان و کارمەندانی سوپای ئەمریکا نەکەوتووە و هیچ سەربازێکی وڵاتەکەی بریندار نەبووە.
M/T Riesco sinks in the Gulf of Oman, Sept. 8, after being destroyed by CENTCOM forces in response to attempted IRGC attacks on a U.S. Navy warship. pic.twitter.com/EkmG8uyMT9
— U.S. Central Command (@CENTCOM) September 9, 2026