زیاتر لە هەزار گەشتیی ئاسمانی بەریتانیا هەڵوەشانەوە
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە دەزگای چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی بەریتانیا، نزیکەی 1,100 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە هەڵوەشێندرانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فڵایت رادار 24 کە تایبەتمەندە بە چاودێریکردنی هاتوچۆی ئاسمانی، تا کاتژمێر 20:00 بە کاتی ناوخۆ، ژمارەی ئەو گەشتانەی بەهۆی کێشەکەوە لە فڕۆکەخانەکانی بەریتانیا هەڵوەشێندرانەوە گەیشتە 1,055 گەشت.
دەزگای چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی بەریتانیا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، کێشەکە لە سیستەمەکەماندا چارەسەرکرا و چالاکییەکانمان بۆ دۆخی ئاسایی گەڕانەوە، ئێمە بەوپەڕی توانامانەوە کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی کەڵەکەبوونی گەشتەکان.
مارتن رۆڵف، سەرۆکی دەزگاکە داوای لێبووردنی کرد و بە بی بی سی گوت، لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەبارەی ئەوەی روویداوە دەکەین. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات کە دەزگای ناتس ئاشکرایکرد، چارەسەرکردنی کێشەکە کاتێکی زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا پێویست بووە.
لە تەممووزی ساڵی رابردوودا کێشەیەکی هاوشێوەی تەکنیکی بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەیان گەشت بۆ ناو بەریتانیا و بە پێچەوانەوە، ئەمەش تووڕەیی بەرپرسانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لێکەوتەوە.
بەریتانیا لە ساڵی 2023 خراپترین پەککەوتنی سیستەمەکانی چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی لە ماوەی نزیکەی دەیەیەکدا بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی دواکەوتن یان هەڵوەشاندنەوەی سەدان گەشت و کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 700 هەزار گەشتیار دانا.
فڕۆکەخانەی هیسڕۆ، گەورەترین و قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی بەریتانیا لە خۆرئاوای لەندەن، پشتڕاستیکردەوە کە لەگەڵ فڕۆکەخانەی گاتوییک لە باشووری پایتەخت، لەنێو ئەو فڕۆکەخانانەدان کە بەهۆی کێشەکەی سێشەممەوە تووشی زیان بوون. چاوەڕوان دەکرێت دواکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوام بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو کێشەیەی لە دەزگای چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی ناتس روویدا و سەدان گەشتی لە سەرانسەری شانشینی یەکگرتوودا راگرت.