عەباس عێراقچی: ئەمریکا لەبری ئیسرائیل جەنگی دژی ئێران بەرپا کرد و باجەکەشی دا

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پاش تێپەڕبوونی 47 ساڵ بەسەر سەپاندنی سزاکاندا، ئەمریکا لەبری ئیسرائیل جەنگێکی دژی ئێران هەڵگیرساندووە و دەرەنجامەکانی بۆ ئەمریکا کارەساتبار بوون، بەتایبەت لەسەر پێگەی ئەو وڵاتە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

عەباس عێراقچی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "دوای شکست لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان چ لە رێگەی سزا و چ لە رێگەی جەنگەوە، چارەسەری داهێنەرانەی واشنتن بریتییە لە سەپاندنی سزای زیاتر"، ئەو پێی وایە ئەم رێکارانە هیچ بایەخێکی پراکتیکییان نەماوە.

سێشەممەی رابردوو، ئەمریکا 36 سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە کەرتی فڕۆکەوانی و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی گرتەوە،  ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ پەرەپێدانی گوشاری ئابووری بۆ سەر تاران دێت، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئامانج لەم رێکارە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەکانی کۆمپانیای ماهان ئێیری ئێرانی و سەرجەم کۆمپانیا ئاسمانییەکانی دیکەی ئەو وڵاتەیە.

وەزارەتی گەنجینە لە ئاگادارییەکدا داوای لە دامەزراوە داراییەکان کرد هەر تۆڕێکی کڕین کە پاڵپشتی کەرتی فڕۆکەوانی ئێران دەکات، ئاشکرای بکەن. لەم نێوەندەدا، ئەو کۆمپانیایانەی لە تورکیا و ئیمارات بنکەیان هەیە کرانە ئامانج، کە بە گوتەی واشنتن هاوکاری تارانیان کردووە لە دەستەبەرکردنی فڕۆکە و تەکنەلۆژیای هەستیاری ئەمریکی.

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانیی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سێ مۆڵەتی فڕۆکەوانیی پەیوەست بە ئێرانی هەڵوەشاندەوە، ئەو مۆڵەتانە پێشتر رێگەیان بە گەشتکردن بە ئاسمانی ئێران دەدا.

وەزارەتی گەنجینە جەختیکردەوە، هەر کۆمپانیا یان تاکێکی بیانی کە هاوکاری کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران بکات لە رێگەی گواستنەوەی فڕۆکە، خزمەتگوزارییەکانی بارهەڵگرتن یان پاڵپشتیکردنی نێوەندگیرە گشتییەکانی فرۆشتن، رووبەڕووی دەرەنجامی قورس دەبێتەوە.