بە بەشداری دەزگاکانی کوردستان، دەیەمین پێشانگای کتێب لە سنە کرایەوە

10مین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستان لە هۆڵی هەمیشەیی پێشانگای نێودەوڵەتیی سنە کرایەوە.

300 دەزگای چاپ و پەخش لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ 9 دەزگای چاپ و پەخشی هەرێمی کوردستان لەم پێشانگایەدا بەشدارن. هاوکات لە پەراوێزی پێشانگاکەدا چەندین بەرنامەی کولتووری، وۆرکشۆپ و پانێلی زانستی بۆ ئامادەبووان رێکخراوە.

حەوت دەزگای چاپ و پەخشی سلێمانی و دوو دەزگای هەولێر لە پێشانگای کتێبی سنەدا ئامادەن. بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای سنە بۆ کوردستان24، سەرجەم ئەو دەزگایانە تەنیا بە کتێبی کوردی لە پێشانگاکەدا بەشدارن. سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دەزگا کوردییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد بە دەزگاکانی چاپ و پەخشی فارسی کەمترە، بەڵام هاووڵاتییان پێشوازییەکی بەرچاویان لە کتێبە کوردییەکان کردووە.

ئەسغەر دەریایی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی سنە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بوونی دەزگاکانی چاپ و پەخشی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سنە، رەهەندێکی تایبەتی بەم پێشانگایە بەخشیوە."

دەریایی گوتی: "لە پەراوێزی پێشانگاکەدا کۆمەڵێک بەرنامەمان دیاریکردووە. هەر رۆژێک تەرخانکراوە بۆ ناساندنی مێژوو، ئەدەبیات و کولتووری یەکێک لە قەزاکانی پارێزگاکە. پاشنیوەڕۆیان وۆرکشۆپ و پانێلی زانستی لەلایەن زانکۆکانی پارێزگای سنەوە بەڕێوەدەچێت."

محەممەد مەعرووف ئیبراهیم، لە ناوەندی تیشک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سەبارەت بە بەشداریکردنیان لەم پێشانگایەدا رایگەیاند: "خۆشحاڵین کە ئەمساڵ لەم پێشانگایەی سنە بەشداربووین. هیوادارین ئەم تێکەڵاوی و پێکەوەبوونە کولتوورییەی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر پەرەبسێنێت و ئەم جۆرە پێشانگایانە بەردەوام بن."

دەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستان لە سنە، 20 هەزار ناونیشانی جیاواز و بە گشتی 90 هەزار بەرگ کتێبی لەخۆگرتووە. پێشانگاکە ماوەی حەفتەیەک بەردەوام دەبێت و هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 8ـی شەو بەڕووی هاووڵاتییاندا کراوە دەبێت.

رێبوار سنەیی، نوێنەری ناوەندی چاپ و پەخشی تەفسیری هەولێر لەبارەی بەرهەمەکانیانەوە گوتی: "کتێبەکان زیاتر بابەتگەلی ئاینی، مێژوویی، ئەدەبی و دیوانی شاعیران لەخۆ دەگرن."