ئاگر لە ژمارەیەک دارستانی تورکیا کەوتووەتەوە
ئاگرێکی بەرفراوان دارستانەکانی هەرسێ پارێزگای ئەنتاڵیا، ئادانا و مێرسینی لە تورکیا گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە ماڵ و رووبەرە سەوزاییەکان گەیشتووە و هەزاران کەسیش ناچار بوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە تورکیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی چوار ئاگری جیاواز لە دارستانەکانی هەرسێ پارێزگای ئەنتاڵیا، ئادانا و مێرسین.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ئاگرەکان زیانێکی زۆریان بە رووبەرێکی فراوانی زەوی و خانوو و رێگەوبانەکان گەیاندووە، هەروەها بوونەتە هۆی چۆڵکردنی سەدان ماڵ.
لە پارێزگای ئەنتاڵیا ئاگرەکە لە ناوچەکانی ئاکسو، کەپەز و کوملوجە پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە نێو گوند و گەڕەکەکان. بەم هۆیەوە زیان بە دەیان خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون گەیشتووە، هاوکات رێگەی سەرەکیی نێوان ئەنتاڵیا و ئیسپارتا بەهۆی مەترسییەوە داخراوە.
بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاگرەکە لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، زیاتر لە 255 ماڵ و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ چۆڵ کراون و کارەبای زیاتر لە 2000 ماڵ بڕدراوە.
لە پارێزگای ئادانا ئاگرەکە لە شاری کۆزانەوە دەستی پێکردووە و تەشەنەی کردووە بۆ ناوچەکانی ئالاداغ و ئیمامئۆغڵو. بەهۆی ئەم رووداوەوە زیاتر لە 130 هێکتار لە دارستانەکان سووتاون و زیاتر لە 40 ماڵیش چۆڵ کراون.
هاوکات لە ناوچەی بۆزیزی سەر بە پارێزگای مێرسین ئاگر لە دارستانەکان کەوتووەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکان ئاماژەی بەوە دا، دەیان فڕۆکە، هێلیکۆپتەر و سەدان کارمەندیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەکارهێناوە.
هەرچەندە لە هەندێک شوێن توانراوە کەمێک لە گوڕی ئاگرەکە کەم بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی رەشەبای بەهێزەوە ئاگرەکان بەردەوامن لە تەشەنەکردن و هەوڵەکانیش بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیان بەردەوامن.