ترەمپ سەرپەرشتی کۆنفرانسێکی چارەنووسسازی کۆمارییەکان دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

 بە سەرپەرشتی دۆناڵد ترەمپ، کۆنفرانسی گەورەی پارتی کۆمارییەکان لە شاری داڵاس لە ویلایەتی تێکساس دەستپێدەکات و تێیدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی نیوەیی و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتی دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرپەرشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رێبەری پارتی کۆمارییەکان، کۆنفرانسی گەورەی پارتەکە لە شاری داڵاسی سەر بە ویلایەتی تێکساس دەستپێدەکات.

 بڕیارە کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی کاندیدی پارتەکە بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی بکرێت.

ئەمە دەبێتە دوایین کۆنفرانسی کۆمارییەکان پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکا لە مانگی 11ـی ئەمساڵدا. لە ئێستادا ترس و دوودڵی لە نێو کۆمارییەکاندا هەیە، لەبەر ئەوەی راپرسییەکان دەریدەخەن پێگەی جەماوەرییان رووی لە داکشانە و ترسی لەدەستدانی دەنگەکانیان هەیە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، ئەم کۆنفرانسە دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی کۆمارییەکان و گرنگییەکی تەواوی پێ دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان بەشداریی کۆنفرانسەکە ناکەن، لەوانەش سوزن کۆڵینز و مایک رۆندز.

ویلایەتی تێکساس یەکێکە لە پێگە بەهێزەکان و قەڵای سەرەکیی پارتی کۆمارییەکان لە ئەمریکا. بەڕێوەبردنی کۆنفرانسە گەورەکان لەم ویلایەتەدا، نەریتێکی سیاسیی پارتەکەیە بۆ کۆکردنەوەی لایەنگران و یەکخستنی گوتاری سیاسییان بەر لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکان. 

هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکا یەکێکە لە گرنگترین وێستگە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، تێیدا سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێنەوە. زۆرجار ئەو پارتەی لە کۆشکی سپییە، لەم هەڵبژاردنەدا رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە و ئەگەری هەیە بەشێک لە کورسییەکانی لەدەست بدات.