هۆشداریی لە دۆخی تەندروستیی زیندانییەکانی بەسرە دەدرێت

کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە بەسرە داوای لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە کرد، فەرمان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی بەسرە بکات هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی پاککردنەوە و دژە ڤایرۆس لە زیندانی ناوەندیی بەسرە دەستپێبکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی کۆمیسیۆنەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، دەبێت هەڵمەتەکە سەرجەم بەشەکانی زیندانەکە بگرێتەوە و کەرەستەی زیندانییەکانیش پاکژ بکرێنەوە، هاوکات دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکانی پاککردنەوە بۆ زیندانەکە دابین بکرێت.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ ئاشکرایکرد، ئەم داواکارییە بەهۆی قەرەباڵخییەکی زۆر لە زیندانەکەدا هاتووە، کە زیندانەکە پێنج هێندەی توانای وەرگرتنی خۆی زیندانیی تێدایە، بەمەش نەخۆشییەکانی هەستیاریی پێست و کۆئەندامی هەناسەدان لەنێوان زیندانییاندا بەرزبووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، کۆمیسیۆنەکە داوای کردووە هەڵمەتەکە فراوان بکرێت و ئەو زیندانانەش بگرێتەوە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن. بەتایبەت زیندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، تاوانەکان و هەواڵگری، لەگەڵ سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی دیکە.