عەمار حەکیم: کۆکردنەوەی چەک لە عێراق تەنیا بە دانوستان دەبێت
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لەگەڵ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەڵام پێویستە ئەو پرۆسەیە لە رێگەی دانوستانەوە تەواو بکرێت نەک بە رێکاری دیکە.
ئەمرۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی وڵات عەمار حەکیم، روونیکردەوە؛ کۆکردنەوەی چەک ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە کات و پلانێکی گونجاو هەیە. حەکیم ئاماژەی بەوەشدا، دانوستانی چڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەڕێوەدەچێت و لایەنەکان سوورن لەسەر ئەوەی پرۆسەکە بەپێی خشتەیەکی کاتی لۆژیکی بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بەو گرووپانەی چەکەکانیان رادەستکردووە، حەکیم جەختی کردەوە، دەبێت بە بەشداریکردن لە حکوومەت پاداشتی ئەو هەنگاوەیان بدرێتەوە. حەکیم روونیشیکردەوە کە لە ماوەی رابردوودا هەوڵ هەبووە بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بەشداریی ژمارەیەک هێز لە حکوومەتدا.
لەلایەکی دیکەوە، حەکیم باسی لە وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد، بڕیارە 30ـی ئەیلوول کۆتایی پێ بێت. حەکیم گوتی: "دوای ئەو وادەیە، ئێمە وەک عێراقییەکان ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەرشانمان بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆمان".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە هیوای خواست لە ماوەی داهاتوودا کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی تەواو ببێت.