وەزارەتی پەروەردە کۆرسی زمانی کوردی بۆ کوردانی دیاسپۆرا رادەگەیەنێت
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، کۆرسی پێنجەمی فێرکردنی زمانی کوردی بە شێوازی ئۆنلاین بۆ منداڵان و هاووڵاتییانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات رادەگەیەنێت، کۆرسەکەش بە شێوەیەکی بێبەرامبەر بەڕێوە دەچێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردە، بە رێگەی "کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی - فیدراسیۆنی زمان"، تۆمارکردن بۆ کۆرسی پێنجەمی فێرکردنی زمانی کوردی دەستی پێ کردووە و بڕیارە لە 1ی تشرینی یەکەمی 2026 وانەکان دەستپێبکەن.
وانەکانی کۆرسەکە هەفتەی رۆژێک، لە رۆژانی یەکشەممە بە ئۆنلاین بەڕێوە دەچن. لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم خولە:
- بڕوانامەی فەرمی: بەشداربووان بڕوانامەی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
- ژینگەی خوێندن: وانەکان لەلایەن مامۆستایانی کارامە و لێهاتوو دەوترێنەوە.
- فرەزاری: خوێندن بە هەرسێ زاری سۆرانی، بادینی و کرمانجی بەردەستە.
- تێچوو: کۆرسەکە تەواو بێبەرامبەرە و هیچ بڕە پارەیەک لە بەشداربووان وەرناگیرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە لە ساڵی رابردوودا، 3000 فێرخواز لە تەمەنە جیاوازەکاندا بەشدارییان لە کۆرسەکاندا کردووە و بڕوانامەی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەیان پێ بەخشراوە.
وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە زمانی کوردی شوناسی نەتەوەییمانە و منداڵانی کورد لە دیاسپۆرا شایەنی فێربوونی زمانی دایکن. ئارەزوومەندانی بەشداریی لە هەر وڵات و شارێکی جیهانەوە دەتوانن لە رێگەی لێنکی تایبەتی فیدراسیۆنی زمان ناوی خۆیان تۆمار بکەن.