پڕۆژەی پارێزگاری کرماشان؛ ناوچەیەکی ئازادی هاوبەش لە نێوان ئێران، کوردستان و عێراق
پارێزگاری کرماشان لەگەڵ ئاماژەدان بە توانای زۆری پارێزگاکە لە بوارەکانی بازرگانی، تەندروستی و زانکۆییدا، جەختی لە پێویستیی رۆڵی سەرەکیی کرماشان لە گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی ئابووری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.
ئەو، بە خستنەڕووی توانای پێنج دەروازە سنوورییەکەی پارێزگاکە و دۆخی تایبەتی وڵات لە ئاست کێشەکانی گواستنەوەی دەریاییدا، سنوورە وشکانییەکانی کرماشانی بە "شاڕێگەیەکی گرنگ بۆ بازرگانیی ناوچەکە" وەسف کرد.
مەنۆچێهر حەبیبی، لە کۆبوونەوەی کارگروپی گەشەپێدانی هەناردەکردنی پارێزگای کرماشاندا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق و سەرۆکی ژووری ئابووریی ئێران و عێراق لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە چالاککردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی-پیشەسازیی قەسری شیرین کرد و ئامادەیی تەواوی ئەم ژێرخانە حەوت هەزار هێکتارییەی بۆ راکێشانی وەبەرهێنەر لە عێراقی و هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەو، لە پڕۆژەیەکی نوێدا، پێشنیاری دروستکردنی ناوچەیەکی ئازادی هاوبەشی سێقۆڵی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا خستەڕوو؛ پڕۆژەیەک کە دەتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ناوچەکە بباتە قۆناخێکی نوێوە.
لەو کۆبوونەوەیدا پارێزگاری کرماشان داوای کرد، ئاسانکاری بۆ هاتوچۆ و گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی، فەرمییکردنی سنوورەکانی شێخ سڵە و شۆشمێ لە ڕێگەی دانوستانی دیپلۆماسی لەگەڵ لایەنی عێراقیدا، بخرێتە سەرووی بەرنامەی کارەکانی تاران. هەروەها پێشنیاری ئەوەش کرا، لیژنەیەکی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و گەڕاندنەوەی سنووری پەروێزخان بۆ پێگە سەرەکییەکەی خۆی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، پێکبهێنرێت.
پارێزگاری کرماشان، داوای چاکسازی لە میکانیزمە دارایی و بازرگانییەکاندا کرد. دامەزراندنی دامەزراوە داراییە هاوبەشەکان بۆ بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی لەبری دۆلار، سوودوەرگرتن لە سیستەمی ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا، جێبەجێکردنی گواستنەوەی یەکپارچەی کاڵا و دامەزراندنی کۆمپانیای گواستنەوەی هاوبەش لە رێگەچارە سەرەکییەکانی ناوبراو بوون بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بازرگانان.
بەڕێوەچوونی پێشانگای بەرهەمی کرماشان لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، کردەنەوەی کۆنسوڵخانەی ئێران لە پارێزگای دیالە و راکێشانی قوتابی و گەشتیاری تەندروستی وەک تەوەرە سەرەکییەکانی دیکەی ئەم نەخشەرێگەیە راگەیەنران، تاوەکو کرماشان زیاتر لە پێشوو وەک “دەروازەی زیارەت و بازرگانی” بناسرێت.
پارێزگای کرماشان بە گشتی زیاتر لە 371 کیلومەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و بە درێژایی ئەم سنوورە پێنج دەروازەی بازرگانی و دوو بازاڕچەی چالاک هەیە، کە ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار کاڵا لەم سنوورانەوە بۆ هەناردە دەکرێت.