سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی: بڕینی کارەبا لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێت قبووڵکراو نییە

 سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "رووناکی" هۆکار و وردەکاریی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان بەبێ رەزامەندیی وەزارەت سەدان مێگاوات کارەبایان بڕیوە، هاوکات هۆشداریش دەدات سبەی دوایین وادەیە بۆ داشکاندنی قەرزەکان و درێژ ناکرێتەوە.

بڕینی کارەبا بەبێ رەزامەندی وەزارەت

کۆژان یاسین، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی  کوردستان24، کە لە لایەن کۆڤان عیززەتەوە پێشکەش کرا، رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان بڕی 500 مێگاوات کارەبایان لە تۆڕی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە. دواتریش، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 09ـی ئەیلوول، کۆمپانیای ماس بە تەنیا 50 مێگاواتی دیکەی بڕی و کۆی گشتیی کارەبا کەمکراوەکە گەیشتە 550 مێگاوات.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکان بەبێ هیچ پرس و رەزامەندییەکی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. روونیشی کردەوە، کۆمپانیاکان بیانووی ئەنجامدانی کاری چاکسازییان بۆ بڕینی ئەو بڕە کارەبایە هێناوەتەوە، بەڵام ئەم پاساوە لای وەزارەت رەتکراوەتەوە، چونکە بەپێی رێکارەکان پرۆسەی چاکسازی لە وێستگەکاندا تەنیا لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا دەکرێت و دەبێت پێشوەختە رەزامەندیی فەرمی وەزارەتی لەسەر بێت.

فرۆشتنی کارەبا بە بەغدا و وەرگرتنی پارە

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆژان یاسین باسی لەوە کرد، ئەم کۆمپانیایانە لە ئێستادا بڕی 1400 بۆ 1500 مێگاوات کارەبا دەفرۆشنە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ. داهاتەکەشی راستەوخۆ دەچێتە گیرفانی خۆیانەوە و هیچ بڕە پارەیەک بۆ خەزێنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە.

هەروەها ئەوەی خستەڕوو، بۆ ساڵەکانی 2025 و 2026 ئەو کۆمپانیایانە 70%ـی شایستە داراییەکانیان و پارەی پسوولەکانیان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە و تەنیا 30%ـی شایستەکانیان بەهۆی بارودۆخی نالەباری دارایی نەتوانراوە بدرێت؛ بۆیە بڕینی کارەبا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێت، پاساو هەڵناگرێت و جێگەی قبووڵکردن نییە.

کاریگەرییەکان و هەوڵی چارەسەرکردن

کەمکردنەوەی ئەم رێژە زۆرەی کارەبای ناوخۆ، کاریگەریی راستەوخۆی خستووەتە سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە رێژەی جیاواز لە نێوان شارەکاندا.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی گوتی، حکوومەت لەم دۆخە نیگەرانە و قۆناخی چاکسازیکردن لە کەرتی کارەبادا رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە؛ بەڵام جەختی کردەوە، لە رێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدەن بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە و هاووڵاتییان زیاتر زەرەرمەند نەبن. ئامانجی سەرەکیی پرۆژەی رووناکیش خزمەتکردنی خەڵکە لەرێگەی بەدیجیتاڵیکردنی سێکتەری کارەبا و رەخساندنی شەفافیەتێکی تەواو لەم بوارەدا.

دوایین مۆڵەت بۆ داشکاندنی قەرزی کۆن

سەبارەت بە پرسی قەرزی کۆنی کارەبا لەسەر شانی هاووڵاتییان، کۆژان یاسین رایگەیاند، سبەی شەو کاتژمێر 12:00 دوایین مۆڵەتە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و خاوەن کارەکان سوودمەند بن لە بڕیاری لێخۆشبوون و داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی. دووپاتیشی کردەوە، ئەم وادەیە بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە، چونکە ئاسانکاریی تەواو بۆ بەشداربووان کراوە.

روونیشی کردەوە، لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئیپسولە"ـوە هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکان، لە رێگەی مۆبایلەکانیان و بەکارهێنانی هەشت بانکی جیاواز و هەژماری ئەلیکترۆنییەوە لە هەر کاتێکی شەو و رۆژدا قەرزەکانیان بدەنەوە. 

هەروەها ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 650 هەزار هاوبەشی کارەبا لە چین و توێژە جیاوازەکان تەواوی قەرزەکانیان داوەتەوە و هیچ بڕە پارەیەکیان لەسەر نەماوە، زۆربەی ئەم ژمارەیەش پێکهاتوون لە شوێنی نیشتەجێبوون و ماڵان، هاوکات بەشێکیشیان شوێنی بازرگانین.