کرێملن: پووتین و ترەمپ تاوتوێی سازکردنی لووتکەیەکی سێقۆڵییان لەگەڵ سەرۆکی چین کردووە

کۆشکی کرێملن رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی بیرۆکەی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵییان لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کردووە، کە بڕیارە لە میانی لووتکەی مانگی تشرینی دووەمدا ئەنجام بدرێت.

چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ترەمپ و پووتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی سێشەممەیاندا باسیان لە بیرۆکەی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە شێنزین کردووە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە. گوتیشی: ئەم پێشنیازە لە پێشتریشدا خراوەتەڕوو، دەرفەتی ئەوەش لە ئارادایە کە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە پێکبێت.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە رۆژانی 18 و 19ی مانگی تشرینی دووەم، کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن ئاپێک لووتکەی خۆی لە شاری شێنزینی وڵاتی چین ببەستێت. رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، پووتین بەشداری لە لووتکەکەدا دەکات، بەڵام کۆشکی سپی تا ئێستا بە فەرمی راینەگەیاندووە کە ئایا ترەمپیش ئامادە دەبێت یان نا.

کۆڕبەندی حکوومیی ئاپێک کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دامەزراوە، چەند وڵاتێک لەخۆدەگرێت لەوانە: رووسیا، چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و وەک یەکێک لە دیارترین چوارچێوەکانی هاوکاریی ئابووری لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن دادەنرێت.

ئەنجامدانی ئەم لووتکەیە لە مانگی تشرینی دووەمدا، لە کاتێکدایە کە واشنتن گوشار لەسەر مۆسکۆ دروست دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکینیش بەردەوام لە بەهێزبووندان. لە لایەکی دیکەشەوە هەفتەی رابردوو دوو نوێنەری ترەمپ سەردانی هەردوو پایتەختی مۆسکۆ و کیێڤیان کرد، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستەیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا نەخستەڕوو.