ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە فەرمی دۆسیەی ئەتۆمیی سووریای داخست

ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بڕیاری کۆتاییهێنان و داخستنی دۆسیەی ئەتۆمیی سووریای پەسەند کرد؛ ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە هاوکاریی تەواویان پێشکەش بە ئاژانسەکە کرد و رێگەیان بە پشکنەران دا بچنە نێو چەندین وێستگەی سەرەکیی ئەتۆمی.

چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی لێدوانی دوو دیپلۆماتکار بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بڕیارەکە بە کۆدەنگیی ئەندامان و بەبێ پەنابردنە بەر دەنگدانی فەرمی پەسەند کراوە. ئەم هەنگاوەش بە تەواوی کۆتایی بەو رێوشوێنانە دەهێنێت کە لە ساڵی 2011ـەوە، بەهۆی پابەندنەبوونی سووریا بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی، لە دژی گیرابوونەبەر. هاوکات ئەنجوومەنەکە دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بە کرانەوە و ئاستی هاوکاریی دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا دەربڕیوە.

لە درێژەی هەوڵەکاندا، مانگی رابردوو تیمی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی دوو وێستگەیان لەناو خاکی سووریادا کردبوو؛ یەکێکیان لە سنووری پارێزگای دێرەزوور و ئەوی دیکەیان لە شوێنێکی ئاشکرانەکراو بوو کە لەسەر داوا و بە رێپیشاندانی دەسەڵاتدارانی سووریا پشکنەرانی بۆ برابوو.

پەیوەست بەو پشکنینانە، رۆژی دووشەممە رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە رایگەیاند، کارگەیەکی ئەتۆمیی نیمچە تەواوکراو لە دێرەزوور دۆزراوەتەوە. بە گوتەی گرۆسی، ئەو کارگەیە لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە بە شێوەیەکی نهێنی بنیات نرابوو، توانای ئەوەشی هەبووە ئەو جۆرە ماددانە بەرهەم بهێنێت کە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاردەهێنرێن.