یەکێتی هەناردە و هاوردەکاران: لە کابینەی نۆیەمدا هەناردەکردن زیاد بووە

سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هەناردە و هاوردەکارانی کوردستان رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گەشەپێدانی کەرتە جیاوازەکان،بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکوومەتیش سەدان هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە کراون.

چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، رەسووڵ حاجی عومەر، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هەناردە و هاوردەکارانی کوردستان رایگەیاند، «لە رابردوودا هەرێمی کوردستان لە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و حکوومەتی فیدراڵ رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمیشەوە جەخت لەسەر فرەچەشنکردنی بواری ئابووری کراوەتەوە لە سەرجەم کەرتەکانی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا».

رەسووڵ حاجی عومەر گوتیشی: «لە سایەی ئەم هەوڵانەدا، ئاستێکی زۆر باش لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەدەستهاتووە، بەتایبەتی لە کەرتی پیشەسازیدا توانراوە بەشێک لە کەلوپەلی بیناسازی و لە کەرتی کشتوکاڵیشدا چەندان بەرهەمی جیاواز هەناردەی دەرەوە کراوە.

سەبارەت بەو گرفتانەی هاتوونەتە پێشەوە، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هەناردە و هاوردەکارانی کوردستان روونیکردەوە، لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی رابردوودا، بەهۆی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و کێشە ناوخۆییەکانی عێراق، ئاستی بازرگانی کەمێک ستی بووە، هاوکات لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە لە ژێر ناوی جۆراوجۆر وەک سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) لەمپەر بۆ بازرگانانی هەرێم دروست کراوە و ناتوانن بە ئاسانی کاڵاکانیان رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق یاخود دەرەوە بکەن.

رەسووڵ حاجی عومەر جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بازرگانانی هەرێم پەیوەندییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان بە بەهێزی هێشتووەتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، هەر بەرهەمێکی خۆماڵی پیشەسازی کە لە پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاد بێت، بەردەوام رەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.

لە پێناو بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازیی و پاڵپشتیکردنی بەرهەمەکانی ناوخۆیی، کابینەی نۆیەم، دەیان پڕۆژەی وەکوو ( سایلۆکان، کارگەکان، خانووی پلاستیکی و کۆگای ساردکەرەوە)ـی جێبەجێ کردووە، هاوکات ئاسانکاریی کردووە بۆ پێدانی هەزاران مۆڵەت بە کۆمپانیاکان.

لەو چوارچێوەیەشدا، چوار سایلۆ لە ( قوشتەپە، کەلار، رۆڤیا و هەڵەبجە ) کارەکانیان تەواو کراوە و خراونەتە خزمەتی جووتیاران و هاووڵاتییانەوە، هەروەها پێنج سایلۆی دیکە لە پارێزگاکانی ( دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر ) دروست دەکرێن.

هاوکات بەروبوومی جووتیاران و بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکانی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراوە، کە قەبارەکەی بە سەدان تۆن مەزەندە دەکرێت.

هەروەها بۆ یەکەمجار، دەیان هەزار تۆن بەروبوومی کارگەکان و جووتیارانی کوردستان، وەکوو ( برنج، سماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، سێو، قارچک، پەتاتە و چەندان بەروبوومی دیکە هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو و جیهان کراون.